حزبوڵڵای عێراقی: تۆڵه‌ی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهەندیس له مسته‌فا كازمی ده‌كه‌ینه‌وه
باجه‌كه‌ی هه‌رچه‌ند بێت و كاته‌كه هه‌رچه‌ند درێژ بێت ئه‌م كاره به‌بێ تۆڵه تێپه‌ڕ نابێت"
K24- هه‌ولێر:
حزبوڵڵای عێراقی په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق درێژ ده‌كات، به‌وه‌ی كه به گوته‌ی خۆیان ئاسانكاریی بۆ ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه، كه تێیدا هه‌ریه‌ك له قاسم سوله‌یمانی، ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری دیكه كوژران.
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی، ئه‌بو عه‌لی عه‌سكه‌ری، به‌رپرسی ئه‌منی له گروپی چه‌كداریی حزبوڵڵای عێراقی نووسیویه‌تی، كاتێك كازمی پۆستی سه‌رۆكی هه‌واڵگری گشتیی عێراقیی به‌ده‌سته‌وه بوو، ئاسانكاری بۆ کوشتنی سوله‌یمانی و موهه‌ندیس كردبوو.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی حزبوڵڵا ده‌ڵێت: "جه‌ژنه‌كه‌مان له‌م سه‌رده‌مه‌دا نابێته جه‌ژن، ته‌نیا مه‌گه‌ر به قه‌باره‌ی كوژرانی سوله‌یمانی، موهه‌ندیس و كوژراوانی شاری قائيم تۆڵه له بكوژانیان بكه‌ینه‌وه".
هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی: "ئه‌وانه‌ی له‌ناوخۆی عێراق به‌شداری ئه‌و هێرشانه‌یان كردووه، هه‌ر له كازمییه‌وه تا نزمترین پله و ئاسانكارییان بۆ ئه‌و هێرشانه كردووه، له سزاكان رزگاریان نابێت، باجه‌كه‌ی هه‌ر چه‌ند و كاته‌كه‌ش چه‌نده درێژ بێت".
پێشتریش كاتێك مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق بوو، ئه‌و به‌رپرسه‌ی حزبوڵڵا په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ كازمی درێژ كردبوو، له به‌رامبه‌ریشدا ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌ت كرده‌وه، كه ئاراسته‌ی كازمی ده‌كران.
له 3ی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ له هێرشێكی ئاسمانیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا هه‌ریه‌ك له قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی حه‌شد له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی بەغدا كوژران.
H.B
— أبو علي العسكري (@abualialaskary) July 31, 2020