كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە ھاووڵاتییان زیاد دەكرێن

بەرھەمھێنانی كارەبای ھەرێمی كوردستان بۆ 3500 مێگاوات زیادیكردووە

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات كەوتەكار، بەرھەمھێنانی كارەبای ھەرێمی كوردستان بۆ 3500 مێگاوات زیادیكردووە. بەمەش كاتەكانی كارەبا بە ھاووڵاتییان بۆ 21 كاتژمێر زیاد دەكرێت.

لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات ئاشكرای كرد "ئێوارەی رۆژی شەمە 1/8/2020، ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی ئیشپێكردنی یەكەی دووەمی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كرد و بە سەركەوتوویی توانرا وێستگەكە بەتەواویی توانای خۆیەوە بەكاربخرێت، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان گەیشتە  3400 بۆ 3500 مێگاوات، بەم بڕە كارەبایەش  توانرا بەتێكڕا 20-21 كاتژمێر كارەبا بدرێت بە هاووڵاتییان".

لە رێوڕەسمێكدا 14/7/2020، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كردەوە. لە قۆناغی یەكەمدا بە توانای 150 مێگاوات وێستگەكە كاری كرد. ئەم وێستگەیەش جیاوازە لە وێستگەكانی دیكەی كارەبا و بە یەكێك لە پڕۆژە گەورەو ستراتیژییەكان دادەنرێت، كە  بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی كوردستان بە تەكنەلۆژیایەكی بەرز لەرێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و لەرووی تێچوونەوە سوودێكی ئابوورییانەی گەورەی هەیە.