ڕێباز حەملان: لیستی مووچە بێکێشەیە و لە قۆناغی وردبینیدایە
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، لە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ لیستی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و دواتر مووچەکە خەرج دەرکرێت.
پێنجشەممە، 24-04-2025، ڕێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لیستی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی فەرمانگەی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بێکێشەیە و ئێستا وردبینیی بۆ دەکرێت."
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش دا "حکوومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی عێراقی دابەش کردووە و وردبینی تەواو ببێت، دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەکات."
بە گوتەی ڕێباز حەملان "ئەو لیستەی ڕادەست کراوە بێکێشە و کەموکورتییە، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش چەند ڕۆژێکە لە بەغدایە. وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەر پرسیار و تێبینییەکیان هەبێت، دەستبەجێ وەڵامیان دەدرێتەوە."
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەشی خستە ڕوو "لیستی مووچەی مانگی چوار هاوشێوەی لیستی مووچەی هەر سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵە، جیاوازەکە تەنها لە ژمارەی فەرمانبەری خانەنشیندایە کە ئەم مانگە زیاتر بوونە."
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 22-04-2025، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
هەمان ڕۆژ، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ، کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڕۆژی یەکشەممە، 20-04-2025، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئادار (میزان المراجعة) و ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی 2024(الحسابات الختامیة) لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردرا.