تەندروستی ھەولێر ھاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە

نەخۆشخانەی ئێمیرجنسی وەك جێگرەوەی فریاکەوتنی رۆژئاوا بەكاردەھێندرێت

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ھاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە، كە فریاکەوتنی رۆژئاوا تایبەت كراوە بە تووشبووانی كۆرۆنا و ھاووڵاتییان دەتوانن لە بری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا سەردانی نەخۆشخانەی ئێمیرجنسی بكەن.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاندووە، ئاگاداری هاووڵاتییانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەکەینەوە کەوا بەهۆی ئەوەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر تایبەت کراوە بە نەخۆشی کۆرۆنا، بۆیە ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە هەریەک لە بەشەکانی (سوتان، نشتەرگەری مێشک و دەمار بەشی شکان، بەشی جوانکاری) ھەیە پێویستە سەردانی نەخۆشخانەی ئێمیرجنسی بکەن، لەسەر شەقامی 60 مەتری بەرامبەر وەزارەتی پلان دانان".

ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا  بەتایبەتی لە پارێزگای ھەولێر رووی لە ھەڵكشانە و تائێستا 14 ھەزار و 468 كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە لەو ژمارەیەدا 560 كەس گیانیان لەدەستداوە و 9 ھەزار و 299 كەسیش چارەسەركراون.