شاندێكی كەنەدی بۆ سۆراخی چوار منداڵی رفێنراو دەچێتە قەندیل

چوونی شاندی ئەمەریكی بۆ قەندیل رەتدەكرێتەوە

K24 - هەولێر:

چەند رۆژێكە دەنگۆی "چوونی شاندێكیی ئەمەریكی بۆ قەندیل" بڵاوبووەتەوە، گوایە شاندە ئەمەریكییەكە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، چووەتە قەندیل، بەڵام لە راستیدا ئەو شاندەی چووەتە قەندیل هیچ پەیوەندییەكیان بە ئەمەریكییەكانەوە نییە و كەنەدین.

هۆكاری سەردانی كەنەدییەكان بۆ قەندیل، دەگەڕێتەوە بۆ سۆراخكردن و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 4 منداڵی رفێنراوی كەنەدی، كە لەلایەن كەسێكەوە بەناوی "د. سارین ئازەر"ەوە رفێنراون و رێگەیان نادات بگەڕێنەوە كەنەدا.

د. سارین.. باوك یان رفێنەری منداڵەكانی

د. سارین ئازەر، ناوی تەواوی "سەڵاحەدین مەحمود ئازەر"ە، لە بنەڕەتدا خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، دوای وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە كەنەدا، وەك پزیشك كار دەكات و لەوێ ژنێك بەناوی ئەلیسۆن دەناسێت، دواتر هاوسەرگیری دەكەن، ئەوان دایك و باوكی4 منداڵن، كە 2 كوڕ و 2 كچن.

لە ساڵی 2014، د. سارین و ئەلیسۆنی هاوسەری، بە فەرمی لە دادگا لێك جیا دەبنەوە، لە بارەی چارەنووسی منداڵەكانیش، دادگا بڕیار دەردەكات بە نۆرە لەلای دایك و باوكیان بمێننەوە.

لە كۆتایی 2015 دا كاتێك منداڵەكان لای باوكیان دەبن، سەڵاحەدین ئازەر سواری فڕۆكەیان دەكات و دەچنە سلێمانی، دواتریش بەناوی گەیاندنی دەرمان و هاوكاری پزیشكی بۆ پەكەكە، سەڵاحەدین ئازەر منداڵەكانی دەباتە قەندیل و ئیدی ناگەڕێتەوە.

ناوچەی جەنگ..

وێبسایتی ناشناڵ پۆستی كەنەدی، رۆژی 11ی 3ی 2016، راپۆرتێكی لە بارەی رووداوەكە بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت: "چوار منداڵی كەنەدی لەناوچەیەكی جەنگدا دەستبەسەركراون و پێناچێت هیچ كەسێك هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەیان بدات".

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، هیچ شاندێكی ئەمەریكی سەردانی قەندیلی نەكردووە، ئەوانەی چوونەتە قەندیل، كەنەدین و بۆ سۆراخكردنی ئەو چوار منداڵە كەنەدییە چوونەتە ناوچەكە، هاوكات وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن)یش ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ هیچ گفتوگۆیه‌كیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ هه‌بووبێت.

بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی جیاواز و باوەڕپێكراو، ئەلیسۆن، كە دایكی منداڵەكانە، لە ئینتەرپۆل سكاڵای لەسەر سەڵاحەدین تۆماركردووە و بە رفاندنی منداڵەكانی تۆمەتباری كردووە، ئینتەرپۆلیش لە چەندین فڕۆكەخانەی وڵاتانی ئەوروپا، پۆستەری داواكردنی زانیاری لە بارەی سەڵاحەدین هەڵواسیوە.

سۆراخكردن لە مەهاباد

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ رووداوه‌كه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ دوو بۆچوونی جیاواز لە بارەی مانەوەی سەڵاحەدین لە ناو پەكەكەدا هەیە، هه‌ندێكیان پێیانوایه‌، سەڵاحەدین لە كەنەدا هاوكاری پەكەكەی كردووە و لۆبی بۆ كردوون بۆیه‌ رێگه‌ی دراوه‌ له‌وێ بمێنێته‌وه‌، هه‌ندێكی دیكه‌ش وایداده‌نێن سەڵاحەدین ناسیاوی لەناو پژاك هەیە و توانیویەتی لەو رێگەیەوە لەناوچەكە بمێنێتەوە.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئێستا سەڵاحەدین لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناو كەسوكاری خۆیدا دەژی.

 (ئەلیسۆن ئازەر) هاوسەری پێشووی سەڵاحەدین و دایكی چوار منداڵەكە، ساڵی 2018 بۆ دۆزینەوەی منداڵە رفێندراوەكانی سەردانی ئێران و مهابادی كردووە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ بەهیچ بكات و بەدەست بەتاڵی ئێرانی بەجێهێشتووە.

ئەلیسۆن و لەگەڵ منداڵەكانی
ئەلیسۆن و لەگەڵ منداڵەكانی
سەڵاحەدین، ناسراو بە د. سارین لەگەڵ دوو كچەكەی
سەڵاحەدین، ناسراو بە د. سارین لەگەڵ دوو كچەكەی
ئەدرێسی شوێنی نیشتەجێبوونی ماڵی باوكی سەڵاحەدین لە مەهاباد
ئەدرێسی شوێنی نیشتەجێبوونی ماڵی باوكی سەڵاحەدین لە مەهاباد
سەڵاحەدین و هەر چوار منداڵەكەی
سەڵاحەدین و هەر چوار منداڵەكەی
سەڵاحەدین و دوو كچەكەی
سەڵاحەدین و دوو كچەكەی
سەڵاحەدین و ئەلیسۆن لەگەڵ منداڵەكانیان
سەڵاحەدین و ئەلیسۆن لەگەڵ منداڵەكانیان
پۆستەری ئاگاداری بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لە بارەی بێسەروشوێنبوونی چوار منداڵەكە و لێی نووسراوە: لەلایەن باوكیان رفێنراون
پۆستەری ئاگاداری بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لە بارەی بێسەروشوێنبوونی چوار منداڵەكە و لێی نووسراوە: لەلایەن باوكیان رفێنراون
وێنەی هەر چوار منداڵەكە، ئەو كاتەی لە كەنەدا بوونە
وێنەی هەر چوار منداڵەكە، ئەو كاتەی لە كەنەدا بوونە