ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەکەی ئێران 760 کەسی تێپەڕاند

بەهۆی تەقینەوەیەک لە بەندەری شەهید ڕەجایی، لە شاری بەندەر عەباس لە ئێران، 14 کەس کوژران و زیاتر لە 745 کەسیش بریندار بوون.

شەممە 26ـی نیسانی 2025، حوسێن زەفەری، گوتەبێژی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری تەقینەوەکەی ئەمڕۆی بەندەری شەهید ڕەجایی لە شاری بەندەر عەباس، ماددە کیمیاییەکانی ناو کۆنتێنەرەکانی بەندەرەکە بووە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند: ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەری شەهید ڕەجایی بۆ 14 کەس بەرز بووەوە، هەروەها ژمارەی بریندارانیش بووە 750 کەس.

 گوتیشی: تیمی زیاتری فریاگوزاری لە شارەکانی دیکەوە ڕەوانەی بەندەری شەهید ڕەجایی لە شاری بەندەر عەباس دەکرین بۆ زوو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

وەزارەتەکە هیوادارە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بتوانن لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئاگرەبە بە تەواویی کۆنترۆڵ بکەن.

ماددە کیمیاییەکان

بەرپرسێکی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند: ڕەنگە ماددەی کیمیایی هۆکاری تەقینەوەکە بووبێت، بەڵام تا ئێستا هۆکاری وردی تەقینەوەکە نەزانراوە.

لای خۆیەوە مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆكی ئێران فه‌رمانی كردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌ هۆكاره‌كانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌ری شەهید ڕەجایی له شاری‌ به‌نده‌ر عه‌باس بكرێت. 

هەروەها پزیشكیان، وه‌زیری ناوخۆی ئێرانی وه‌كوو نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی بۆ شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌ ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگەداری ڕووداوه‌كه‌ و ڕه‌وشی برینداره‌كان بێت.

لەلایەکی دیکەوە، مێدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کەمتەرخەمی لە هەڵگرتنی ماددە کیمیاییەکان هۆکارێکی سەرەکی بووە لە تەقینەوەکەدا.

 
Fly Erbil Advertisment