تۆپباران و بۆردومان ژیان لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكان تاڵ دەكەن

ئاگری تۆپباران و بۆردمان یەخەی ناوچە سنوورییەكان بەرنادات

K24 – سیدەكان

چەندین ساڵە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن ئێران و توركیا تۆپباران و بۆردومان دەكرێن، جگە لەوەی ژمارەیەك ھاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و ساڵانەش رەز و باخی ھاووڵاتییان دەسوتێ، بۆردومان و تۆپباران وایكردووە ئارامی لەو ناوچانە نەمێنێ تا جوتیار و مەڕدارەكان خەریكی كار و كاسبی خۆیان بن.

دوێنێ جارێكی دیكە ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان لەلایەن تۆپخانەكانی ئێران بۆردومان كرا، جوتیار و مەڕدارەكانیش ناچاربوون ھەوارەكانیان چۆڵ بكەن.

فەتاح حەسەن، جوتیارێكی دەڤەری برادۆستە دەڵێ: "پێش ئەوەی تۆپباران دەست پێبكات فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕایەوە، دواتر ناوچەی بەربزین بە سەختی تۆپباران كرا و ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەكە كەوتەوە".

دەشڵێت: "لە كاتی تۆپباران منداڵەكانمان زۆر ترسان، ئێمە خاوەن رەز و باخین، بۆیە لێرەین".

ئاگری تۆپباران و بۆردومان یەخەی ناوچە سنوورییەكان بەرنادات، لەگەڵ ھەر ئاگر كەوتنەوەیەكیش ئەركی ھێزەكانی بەرگری شارستانی قورستر دەبێت.

نەسروڵڵا حوسێن، ئەفسەر لە بەرگری شارستانی سیدەكان بە كوردستان24ی گوت: "بەھۆی تۆپبارانی دوێنێ رووبەری نزیكەی 70 دۆنم رەز و باخ و پۆش و پاوان سوتاوە، زیاتر لە 30 دۆنم رەز و باخی ھاووڵاتییانە".

ئاماژەی بەوەشدا، بە دوو تیمی بەرگری شارستانی رووبەڕووی ئاگرەكە بوونەتەوە، بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی بكەن.

ھ.م