لە ژاپۆن ماسکێکی زیرەک دروستدەکرێت؛ وەرگێڕان بۆ هەشت زمان دەکات

رێکارەکانی دوورکەوتنەوە لە یەکدی ئاسانتر دەکات

K24 - هەولێر

لەکاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەستنی ماسکی کردووەتە پێویستییەکی رۆژانە لە جیهان، کۆمپانیایەکی ژاپۆنی ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و ماسکێکی زیرەکی دروستکردووە کە وەرگێڕان بۆ هەشت زمان دەکات.

یەکێک لە رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، دوورکەوتنەوەیە لە یەکدی، ئەو ماسکە ژاپۆنییە ئەوەشی ئاسانتر کردووە بۆ بەکارهێنەرانی، چونکە وەکو بڵندگۆیەک وایە و دەتوانێت دەنگی ئەو کەسەی بەستوویەتی گەورەتر بکات.

ماسکەکە توانای پاراستنی بەکارهێنەرەکەی نییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چونکە کونی گەورەی لەسەرە، بەڵام بەشێوەیەک دیزایین کراوە، لەسەر ماسکی ئاسایی ببەسترێت.

تایسوکی ئۆنۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دۆنەت رۆبۆتیک کە ماسکەکەی بەرهەمهێناوە، دەڵێ "ماسکەکە لە سلیکۆن و پلاستیکی سپی پێکهاتووە، مایکرۆفۆنی پێوەیە و لەڕێگەی بلووتوسەوە بە مۆبایلی بەکارهێنەرەکە دەبەسترێتەوە، ئەو سیستەمەش توانای وەرگێڕانی هەیە لەنێوان زمانەکانی: ژاپۆنی بۆ چینی، کۆری، ڤێتنامی، ئەندۆنیزی، ئینگلیزی، ئیسپانی و فەرەنسی".

دۆنەت رۆبۆتیک سەرەتا سۆفتوێرێکی تایبەت بە وەرگێڕانی بۆ رۆبۆتێک پەرەپێداوە کە ناوی سینمن بووە، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، پرۆژەکە وەستێنراوە، لەوکاتەشدا تیمی ئەندازیارانی کۆمپانیاکە بیریان لەوە کردووەتەوە سۆفتوێرەکەیان لەو ماسکە جێبکەنەوە، بەمەش توانیویانە ماسکە زیرەکەکە دروستبکەن.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment