کوردستان کرۆنیکڵ یەکەم گۆڤاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە خەڵاتێک بە دەست دەهێنێت
گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ، کە بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، بووە یەکەمین گۆڤار لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەڵاتی “Award of Excellence” لە ئەمەریکا بە دەست بهێنێت.
ئەم خەڵاتە لە ساڵی 1949ـەوە لە لایەن (Religion Communicators Council) لەگەڵ خەڵاتی ویڵبێر، پێشکەشی ئەو دەزگا میدیایی و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییانە دەکرێت، کە ڕۆڵیان لە بایەخدان بە پرسە ئاینییەکان و فەرهەنگی پێکەوەژیاندا هەیە.
ئەمساڵ، دامەزراوەی کوردستان کرۆنیکڵ هاوشان لەگەڵ کەناڵی CBC, ئاژانسی AP, بەرنامەی 60 minutes, ڕادیۆی NPR، کەناڵی ABC و دامەزراوەی ئەتلانتیک، کە هەریەک بە ڕاپۆرت، بەرنامە و دۆکیومێنتاری بەشدارییان کردبوو.
تیمێک لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کرۆنیکڵ لە ئۆفیسی کوردستان و ئەمەریکا، بەشداریی ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتەکەیان لە شاری سەڵت لەیک ستی لە ویلایەتی یوتا، کرد.
سەردار سەتار، بە نوێنەرایەتی تیمەکە وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بە کورتی پرژایە سەر مێژووی کورد لە ناوچەکە، هەروەها پوختەیەکی لەسەر دامەزراوەی کوردستان کرۆنیکڵ پێشکەش کرد، کە چۆن بووەتە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان.