بەسرە.. نرخی جووتێک ماسیی سەبوور هێندەی نرخی مەڕێکە

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاریش خواست لەسەر ماسیی سەبوور زیاد دەکات، ئەم ماسیە بە جووت دەفرۆشرێت و نرخی هەر جووتێک دەگاتە 200 هەزار دینار.

ماسیفرۆشێک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماسیی سەبوور، تەنیا لە بەسرە هەبوو، بەڵام دواتر بازاڕەکەی گوازرایەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە هەولێرەوە بۆ بەغدا و تەنانەت سلێمانیش، پێشتر نرخی دوو دانە ماسیی سەبوور تەنیا 15 هەزار دینار بوو بەڵام ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 200 هەزار دینار، تەنانەت لە هەندێ شوێن سێ کیلۆ لەم ماسییە گەیشتووەتە 300 دۆلار.

ماسیفرۆشێکی دیکە گوتی: ئێمە وەکو فرۆشیارە کۆنەکانی بەسرە کەمبوونەوەی ماسیمان پێ ئاساییە، بەڵام بەم ساڵانەی دوای ماسیی سەبوور بەڕێژەیەکی زۆر بەرچاو کەم بووەتەوە، کەمبوونەوەکەی نائاساییە، نرخەکەی خەیاڵییە، نرخی دوو ماسیی سەبوور گەیشتووەتە نرخی مەڕێک.

ڕاشیگەیاند، لەم ڕۆژانە خێزانێک هاتن 10 جووت ماسیی سبووریان کڕی بە دوو ملیۆن و نیو دینار. هۆی بەرزبونەوەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی ڕاوچییەکانی ئەم ماسییە، هەروەها ئێستا شارەکانی دیکەش هاوشێوەی بەسرە، خواستیان لەسەر ئەم ماسیە هەیە.

ماسیی سەبوور لە نرخدا ململانێی مەڕ دەکات، چونکە لە زۆرینەی کاتەکاندا نرخی دوو ماسی دەگاتە 200 هەزار، بۆ ئەوانەشی کە ئەم ماسیە ناناسن، ماسییەکە بە جووت دەفرۆشرێن، واتە بەگوێرەی کێشەکانیان نافرۆشرێن، ئەم ماسیە، سەرباری ئەوەی ئێسکی زۆرە بەڵام بەلای بەسراییەکانەوە خۆشترین تامی هەیە.

هاووڵاتیەک دەڵێت: نرخی ماسییەکان بەگشتی گرانن بەتایبەتی ماسیی سەبوور. ساڵانێکە ئەم ماسییەمان نەخواردووە چونکە لە کڕین نایەت.

باسی لەوەش کرد، نرخی جوتێک ماسی لە 50 هەزارەوە هەیە بۆ 200 هەزار، خێزانێکی ئاسایی ئەم بڕە بەشی ناکات، دەبێت دوو بۆ سێ جووت بکڕێت. بە پارەی ئەم ماسییە دەتوانیت 15 ڕۆژ بژیت. پێشتر وانەبوو، بەڵام ئێستا نرخەکان زۆر بەرز بوونەتەوە.