ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس گەیشتە 40 کەس
ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی دوێنێی بەندەر عەباسی ئێران بەپێی میدیای ئێران گەیشتە 40 کەس، جگەلە برینداربوونی زیاتر لە هەزار کەس.
یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، محەممەد عاشووری لە پارێزگای هورمزکانی باشووری ئێران کە بەندەری شەهید ڕەجایی تێدایە لە نزیک شارۆچکەی بەندەر عەباس، ڕایگەیاند: ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی دوێنێی بەندەرەکە گەیشتووەتە 40 کەس کە بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی بەندەری شەهید ڕەجایی لەنزیک شارۆچکەی بەندەر عەباس کرد کە تا ئێستاش ئاگری تەقینەوەکەی دوێنێی لێ بەرزدەبێتەوە سەرباری هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.
بەپێی زانیارییەکان، دەنگی تەقینەوەکە کە بە دووری دەیان کیلۆمەتر خەڵکی گوێیان لێبووە،لە لێواری بەندەری شەهید ڕەجایی بووە کە سەدا 85ـی کەلوپەلی ئێران لەوێوە هەناردە دەکرێت.
مەسعود پزیشکیان فەرمانی کرد، لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوی تەقینەوەکە بکرێت، سوپاسی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری و سووپای پاسدارانی کرد کە هاوکاریی پێویستیان پێشکەش بەو هاووڵاتییانە کردووە کە نزیک لە ڕووداوەکە بوون.
پیر حوسێن کۆلیڤاند، بەڕێوەبەری مانگی سووری ئێرانی ڕایگەیاند: 20 کەس لە بریندارانی تەقینەوەکەی دوێنێی بەندەر عەباس لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان، دەشڵێت: بریندارەکان بۆ چارەسەری، لەڕێگەی فڕۆکەوە گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکانی تارانی پایتەخت.