ڕێکخراوی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان: بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ لە ساڵی ڕابردوو باشتردەبێت

سەڕەرای خۆڵبارینی چەند ڕۆژی رابردوو و زیان گەیاندن بە گوڵ و گوڵزارەکان، بەڵام سەرۆکی ڕێکخراوی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ باش دەبێت.
ئەحمەد پشدەر، سەرۆکی ڕێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: خۆڵبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیانێکی زۆر بە هەنگەکان گەیاند، چونکە تەپۆتۆز گوڵەکان دادەپۆشێت و هەنگەوانەکان ناچار دەبن زوو زوو بیانشۆن.
ئەحمەد پشدەری گوتیشی: سەڕەرای هەبوونی ئەو خۆڵبارینەش پێشبینی دەکەین بەشێوەیەکی گشتیی بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشتربێت بەتایبەتی لە ناوچە کوێستانییەکان، چونکە بارانی باش داباریوە لەو ناوچانە.
باسی لەوەش کرد، ئێستا هەنگەکان لەکاتێکی پێگەیشتن و زێڕیندان. دەربارەی پێگەیشتنی بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ ئاماژەی بەوەی کرد، بەگوێرەی پلەی گەرمی ناوچەکان دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی لە هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمووز و ئاب پێدەگات.
ساڵی 2024، نزیکەی 645 تۆن هەنگوین بەرهەم هاتووە، بەراورد بە ساڵی 2023 کەمی کردبوو و زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن.
لە دوو ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆری هەنگوینی بۆ یەکەمینجار هەناردە دەرەوە و ئەمەش بووە هۆی ساغکردنەوەی بەرهەمی هەنگەوانان.
لە 29ـی تشرینی دووەمی 2023، یەکەم بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی کوردستان گەیشتە قەتەر و دواتر هەناردەی چەند وڵاتێکی دیکە کرا.