پەرلەمانتارێک: لە دیالە کاتژمێرێک کارەبا هەیە و سێ کارتژمێر نییە
سەڵاح تەمیمی، ئەندام پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، پارێزگای دیالە، بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، بەدەست نادادپەروەرییەکی ئاشکراوە لە پێدانی کارەبادا گرفتارە. جەختیشی کردەوە کە پارێزگاکە پێویستی بە 2100 مێگاوات کارەبا هەیە بۆ سەرجەم شار و گوندەکان.
سەلاح تەمیمی بە میدیای ناوخۆی عێراقی گوت "لە ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ وەزیری کارەبای عێراقدا هاتووە، 1100 مێگاوات کارەبا بۆ ئەو پارێزگایە دابین دەکرێت، لەگەڵ 100 مێگاواتی دیکە بۆ حاڵەتی فریاگوزاریی."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات ڕەنگدانەوەی ئەم ڕێککەوتنە نییە، بەو پێیەی پشکی دیالە لە 600 مێگاوات تێ ناپەڕێت، لە ئەنجامدا دابینکردنی کارەبای ڕاستەقینە لە شەش کاتژمێر زیاتر نەبێت لە ڕۆژێکدا، واتە یەک کاتژمێر کارەبا هەیە و سێ کاتژمێر دەبڕدرێت، لە کاتێکدا پارێزگاکانی دیکە ڕۆژانە، تا 20 کاتژمێر کارەبایان هەیە."
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی لە گرنگی سەرلەنوێ پێداچوونەوەی پشکی دیالەی لە کارەبای نیشتیمانی کردەوە، داوای کرد لانی کەم 1000 مێگاوات کارەبای بۆ دابین بکرێت، جگە لە 100 مێگاوات بۆ حاڵەتە فریاگوزارییەکان، بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بگونجێنێت.
پارێزگای دیالە، وەک زۆرێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق ساڵانێکە بەدەست خراپتربوونی قەیرانی کارەباوە گیرۆدەیە، ئەم قەیرانەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، دیارترینیان تێکچوونی ژێرخانە، هەروەها پشتبەستنی زۆر بە سیستەمی کارەبای نیشتیمانی و کاریگەرییە ئەمنی و سیاسییەکان.