مانچێستەر سیتی یان ڕیاڵ مەدرید؟
"یاریەكە زۆر كراوە دەوڵەمەند دەبێت لەڕووی ھەل و گۆڵ تۆماركردن"
نووسینی: بەرھەم جــــــلال
وابڕیارە شەوی ھەینی كاتژمێر 10:00 بە كاتی كوردستان لەسەر یاریگای ئیتیحاد یانەی مان سیتی لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ پێشوازی لە ڕیاڵ مەدرید بكات، بە ئامانجی گەیشتن بە قۆناخی داھاتووی پاڵەوانێتییهكه.
گەر دۆخەكە وێنای پێش كەرەنتینە بووایە ئاسانبوو بۆ ھەر بینەرێك ھەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەكە بكردایە كام یانە سەردەكەوێت، بەڵام كەرەنتینە خاڵی وەرچەرخانی ئەم وەرزەی مەدرید لە بنكەوە بۆ لوتكە چوون، ئێستا زێدان بە پاڵپشتی بوون بە پاڵەوانی لا لیگا و گەڕانەوەی ئەستێرەكانی لە پێكان و جێگیربوونی ئاستی كۆی یاریزانەكان و بەھێزبوونی لایەنی دەرونی كۆی تیپەكە ھاوكێشەكە ئاڵۆزتر دەكات؛ خاڵێكی دیكە ئەزموونە، ڕیاڵ ھەمیشە لەم دۆخەدا قسەی جیاوازی ھەبووه، زۆرینەی وەرزەكان كەوتۆتە نێو ئەم دۆخە، بۆیە كارەكە ئهوهنده دژوار نییه كه باس دهكرێت.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كام یانە سەردەكەوێت بۆ قۆناخی داھاتوو؟
گەر خوێندوەیەكی دروست بۆ دۆخی یانەكان بكەین لەم قۆناخەدا ھیچ یانەیەك وێنای سیتی ساز نییە بۆ بەدەستھێنانی یانە پاڵەوان؛ بەڵام خوێندنەوە ھێندە گرنگە تا داوەر فیكە لێ دەدات .
لە لایەكی دیكەوە سیتی لەم یارییەدا ھەموو شتێك لە بەرژەوەندیەتی چ لە ڕووی یاریگاوە بێت چ لە ڕووی ئەنجامەوە بێت چ لە ڕووی بەشدارینەكردنی ئەستێرەیەكی وێنای ڕامۆس بێت لە كاتێكدا كۆی پێكھاتەكەی گواردیۆلا ئامادەیە بۆ یاریەكە .
تاكتیكی یاریەكە چۆن دەبێت؟
بەپێی ئەنجامەكە بێت زێدان پێویستە پێكھاتەیەكی ھێرشبەری دەستنیشان بكات ئەمەش تەواو لە بەرژەوەندی سیتیە، بەڵام زێدان لەوە وشیارترە ئاوازێك بژەنێت بە دڵی گواردیۆلا بێت بۆیە بە دڵنیاییەوە پێكھاتەك دادەنێك لایەنی بەرگری زاڵتر بێت پشت بە تۆپی جێگیر و دژەھێرش دەبەستێت دەگونجێت داڕشتەكەی ٤-٤-٢ بێت یاخوود ٤-٥-١بێت، بەڵام گرفتی سەرەكی زێدان لێرەوە دەست پێ دەكات نازانێت باڵەكان ئەكتیڤ بكات یاخود ناوەند دابخات بە ڕووی سیتیدا، زێدان زۆرباش دەزانێت زەحمەتە ھەر دووكیانی بۆ بكرێت یاخوود ئەم كەسایەتی بسەپێنێت بەسەر سیتیدا گەر داڕشتەكەی ٤-٥-١ بەكاربێنێت ئەوە جێگەی ھازارد گرفتی بۆ دروست دەبێت تا ڕادەیەكی زۆریش گۆڵكردنی سەخت و قورس دەبێت چونكە بێنزێما بە تەنیا لە پێشەوە دەبێت.
گەر ٤-٤-٢ بەكاربێنێت ئەوە دوو ناوەندسازی گرنگ لە دەست دەدات لە كاتێكدا ڕامۆسیش ئامادە نییە، بە ڕای من بۆ ئەم دۆخە پێكھاتەكەی ٤-٥-١ دەستنیشان بكات بۆ تایمی یەكەم بەو مەرجەی «ڤاڵڤێردی - كاسمیرۆ - كرۆس - مۆدریچ - ئیسكۆ» بنەڕەت بن، ئیسكۆ ببێتە یاریدەری ھێرشبەر، بەڵام لە قوڵایی یاریگادا بجوڵێت ببێتە ئەڵقەی پێكگەیاندنی ھێرشبەر و ناوەندەكان .
ھەر بەم پێكھاتەكەیە دەتوانێت فشاری بەرز بكات لەم ڕێگایەوە بتوانێت بناغەی ھێرشی سیتی تێك بدات تا ڕادەیەكی زۆریش زێدان سەركەتووە لە فشاری بەرزدا و ئارەزووی پێ دەكات .
وەك ھەمیشە سیتی ٤-٣-٣ یاری دەكات ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی ناوەند و تۆپ گلدانەوەیە... یاری چوون پێپ ھەمووانی شۆككرد چونكە تەنیا تۆپی نەویست ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەشێت گواردیۆلا گۆڕانكاری بكات لە فكرەكەیدا، چونكە ھەموو وەرزێك باجی ئەم سەركێشیەی داوە، ئەم وەرزەش گەر لێرەدا ماڵئاوایی بكات زۆر بە قورسی لەسەر دەكەوێت .
جا لە داڕشتەی ٤-٣-٣ ئەشێت پشت ببەستێت بە ٤-١-٤-١ بەڵام گرفت لەم داڕشتەیەدا دیاریكردنی ئەركە بۆ یاریزانەكان بە تایبەت ئێمە لە یاری چووندا بینیمان واڵكەر چ ھەڵەیەكی كوشندەی كرد ؛ پاشان لە دژە ھێرشدا سیتی دووچاری بەربەستی گەورە بۆتەوە پێویستە گواردیۆلا ھێندە پێشڕەوی بكات بتوانێت بگەڕێتەوە .
بەڵام ھێندەی من شارەزایی پیپ گواردیۆلا بم ئەم یاریە تەنیا كۆنتڕۆڵی تۆپ دەكات بۆ ئەوەی ڕیاڵ لەبەر یەك ھەڵوەشێنێت و كات بەفیڕۆ بدات بە دووری نازانم بێ ھێرشبەری ڕاستەقینە یاری بكات .
بەپێی ئەم دۆخە بێت بەم یارییە دەگوترێ یاری «ئەزموون و توانا» ڕیاڵ مەدرید ئەزموونی تەواوی ھەیە لەبەرامبەردا سیتی زۆر بە توانایە... یاریەكە زۆر كراوە دەبێت زۆر دەوڵەمەند دەبێت لەڕووی ھەل و گۆڵ تۆماركردن، دڵنیانم خاڵی زۆر بچوك و زۆر ڕۆتین كاریگەری دەبێت لەسەر ئەنجامەكە .
