ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لە نێوان پۆلیس و گرووپێکی دزینی بۆری نەوت ڕووی دا

دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025، شەڕ لە نێوان مەفرەزەیەکی پۆلیس و گرووپێک لە ناوچەی عەتاکەی ڕمێلانی سەر بەقەزای زبێر، ڕووی دا، ئەمە لەکاتێکدا ئەو گرووپە خەریکی دزینی بۆریی نەوت بوونە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەمیدیایەکی عێراقی گوت: "مەفرەزەیەکی پۆلیسی نەوت کە ئەرکی پاراستنی بۆرییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانە لە ناوچەی باکووری ڕمێلان لە قەزای زبێر، ژمارەیەک چەکداریان بە سێ ئۆتۆمبێلەوە بینییوە کە دوو لە ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری کیا بووە یەکێکیان لە جۆری پیکاپ بووە و هەوڵی دزینی بۆری نەوت دەدەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە "کاتێک مەفرەزەکە لێیان نزیک بووەتەوە، تەقەیان لێ کردوون، لەئەنجامدا چوار فیشەک بەر ئۆتۆمبێلی پۆلیسەکان کەوتووە. دواتر، پۆلیسەکانیش تەقەیان لە گرووپەکە کردووە و ئۆتۆمبێلە 'کیا'کەیان پێکاوە، بەڵام چەکدارەکان بە دوو ئۆتۆمبێلەکەی دیکە هەڵاتوون."
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە کیاکە و کەلوپەلە دزراوەکانی ناویدا گیراوە؛ هەروەها یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە کە نەناسراو بووە و هیچ بەڵگەنامەیەکی پێ نەبووە، لە کاتی هەڵاتنیدا لە پشتەوە فیشەکی بەرکەوتووە و کوژراوە.