ئاری ئەحمەد: پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو سەدا 75ـی کارەکانی تەواو بووە

ئاری ئەحمەد قادر
ئاری ئەحمەد قادر

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو سەدا 75ـی کارەکانی تەواو بووە، دەبێتە جێگرەوەی ئەو بیرانەی کە لە هەولێر بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بەکارهێندراون کە ژمارەیان 1300 بیرە، ڕاشیگەیاند: ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان دابەزیووە، بەجۆرێک ئەو کۆگا سروشتیانەی ئاو ی ژێر زەوی کە بە هەزاران ساڵ دروست بووبوون، ئاستی ئاوەکەیان دابەزیووە.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر ئاماژەی بەوە کرد، کۆگاکانی وەرزی، ئەگەر باران هەبێت، ساڵانە پڕ دەبێتەوە و بەکار دەهێندرێت، دەبێت دووبارە باران ببارێتەوە بۆ ئەوەی پڕ بێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو هەشت مانگە کاری تێدا دەکرێت، کێشەی بێئاوی  لە شاری هەولێر لەو شوێنانە بووە کە بیری ئاویان لێ بووە، چونکە پرۆژە ستراتیژییەکانی ئاو کە پێکهاتوون لە ئیفرازەکانی یەک، دوو، سێ، هیچ کێشەیەکیان نەبووە لە دابینکردن و دابەشکردنی ئاو، پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو شوێنی ئەو بیرانە دەگرێتەوە بە ئاوی بەردەوام لەڕێگەی دروستکردنی وێستگەیەکی نوێ بۆ دابینکردنی ئاو.