رووداوێکی هاتووچۆی دەگمەن لە هەولێر: لە منداڵێک دەدرێت، هەڵدەگیرێتەوە و لەلایەکی دیکە فڕێدەدرێت

شۆفێرێک لە منداڵێک دەدات، لەبەرچاوی خەڵک هەڵیدەگرێتەوە و لەلایەکی دیکە فڕێیدەدات

K24 - هەولێر

لە هەولێر لە رووداوێکی دەگمەندا، شۆفێرێک لە منداڵێک دەدات و دوای ئەوەی لەبەرچاوی خەڵک هەڵیدەگرێتەوە گوایە دەیباتە نەخۆشخانە، لە لایەکی دیکە فڕێی دەدەن.

پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 5-8-2020) راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و، رایگەیاند "بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی ناوشار/ رۆژهەڵات - بنکەی پۆلیسی باداوە، دوو تۆمەتباریان بە ناوەکانی (ا.ن.خ.) و (ع.م.ا.) و دانیشتووی گەڕەکی باداوە، بەتۆمەتی لێدان لە منداڵێک بە ئۆتۆمبێل بە ناوی (دواڕۆژ کارزان خەسرەو) تەمەن شەش ساڵ، دەستگیر کرد".

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هەروەها ئاشکرا کراوە "ئەو منداڵە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کرایسلەر لێی درابوو، دواتر گوایە منداڵەکە دەبەنە نەخۆشخانە، بەڵام لە شوێنێکی نزیک لە رووداوەکە فڕێیان دابوو، تۆمەتباران دانیاننا بە تاوانەکەیان، بۆیە بەپێی ماددە (23ـی هاتووچۆ) بەندکران و رووبەڕووی یاسا کرانەوە".

بەپێی بڕگەیەکی ئەو ماددەیەی یاسای هاتووچۆ کە تایبەتە بە لێخوڕین بە کەمتەرخەمی و هەڵەشەیی، کەسی تاوانبار بەنددەکرێت بۆ ماوەیەک، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها بە سزایەکی ماددی کە لە 750 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاتر نەبێت، لەگەڵ لێسەندنەوەی مۆڵەتی لێخوڕین بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت.

وێنەی تۆمەتبارەکان و ساتی فڕێدانی منداڵەکە لەلایەن پۆلیسی هەولێر بڵاوکراوەتەوە
وێنەی تۆمەتبارەکان و ساتی فڕێدانی منداڵەکە لەلایەن پۆلیسی هەولێر بڵاوکراوەتەوە

هـ.ر.