گوهدار شێخۆ: زاخۆ خاوێنترین شاری عێراق و هەرێمی کوردستانە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت: کار بۆ ئەوە دەکەین فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک بکەینە نێودەوڵەتیی، ئەم فێستیڤاڵە بووەتە هۆی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە.
سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هاووڵاتییان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداریی لە فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک دەکەن، لە چەند ساڵی داهاتوودا بە پاڵپشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زاخۆ دەکەینە شارێکی نموونەیی لە هەموو عێراق.
گوهدار شێخۆ گوتیشی: کار بۆ ئەوە دەکەین فێستیڤاڵەکە بکەینە نێودەوڵەتیی، بۆ ئەوەی گەل و نەتەوەکانی دیکە بتوانن لە زاخۆ کولتووری خۆیان نمایش بکەن، کوردانی خوراسانیش ئەمساڵ لەگەڵمان دەبن.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئێستا زاخۆ خاوێنترین شارە لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم فێستیڤاڵە هۆیەکی باشە بۆ بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری زیاتری دەڤەرەکە، لەم چەند ساڵە زۆرترین هەلی کار بۆ گەنج و لاوانی زاخۆمان ڕەخساندووە.
سێیەمین فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک لەزاخۆ بۆ ماوەیی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و چەندین گرووپی جیاواز لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداریی تێدا دەکەن.