لە ئەنجامی ھێرشێكی توركیا لە عەین عیسا، دوو شەڕڤانی ھەسەدە گیانیان لەدەستدا
دەوروبەری عەین عیسای تۆپباران کردووە

K24 - هەولێر
لە ئەنجامی ھێرشێكی توركیا لەڕێگەی تۆپبارانەوە لە گوندی سەیدای دەوروبەری عەین عیسا، دوو شەڕڤانی ھەسەدە گیانیان لەدەستدا.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ (چوارشەممە، 5-8-2020) سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی دەوروبەری عەین عیسایان تۆپباران كردووە، لە ئەنجامدا دوو شەڕڤانی ھەسەدە گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، لە رۆژھەڵاتی حەلەبیش لەلایەك شەڕ لەنێوان گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا و ھەسەدە و لەلایەكی دیكەشەوە لە نێوان گرووپە چەكدارەكان و سوپای سووریا رووداوە، لە ئەنجامدا چەكدارێك كوژراوە.
کینۆ گابریێل، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بە دووری نابینن سەرەڕای رێککەوتنەکان، هێرشێکی دیکە ئەنجامبدات.
گوتەبێژەکەی هەسەدە هەروەها گوتبووی "تورکیای داگیرکەر هێزەکانی لە ناوچەی عەین عیسا و چەند ناوچەیەکی دیکە کۆکردووەتەوە و ئاگربەست دەشکێنێت، هەرچەندە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوادەکات ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەتەواوەتی رابگرێت، بەتایبەتی لەکاتیکدا پەتای کۆرۆنا بەخێرایی بە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە".