یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان: داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین زەوی بەسەر کرێکاراندا دابەش بکرێت

بەبۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان داوای ڕەزامەندیی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات لە پێدانی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە.

چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، بەبۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ئۆمێد دەکەین هەرچی زووە سازان و یەکڕێزیی نیشتیمانیی لایەنە سیاسیە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بگەنە ئاستی ڕێککەوتن و پێکهێنانی حکوومەت.

مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان پێشنیار دەکات، بە مەبەستی ئاشناییكردنی زۆرترین کادری زانکۆیی بە تایبەت كەسانی ئارەزوومەند بە فێربوون و پێگەیاندنی بوارەكە، هەرسێ یاسای بەرکار بخرێنە پڕۆگرامی خوێندنەوە.

1-زانکۆ و پەیمانگاکان

2-پەیمانگای دادوەری.

دادوەرانی کار، لە پەیمانگە دادوەرییەوە زیاتر ئاشنا بکرێن بە یاسا پەیوەندیدارەکان بە کار و کرێکارانەوە.

ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان: ڕێنمایی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی کرێکارانی خزمەتگوزاری ماڵان لە هەرێمی کوردستان، زیادکردنی (لایەنی کەمیی کرێی کرێکارانی ناکارامە) بۆ دەستەبەری کرێکاران لە 350هەزار دینارەوە کە سێ ساڵە پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە بکرێتە 520 هەزار دینار، زیادکردنی کرێی کاتژمێری کارکردن، کاتژمێرەکانی کارکردنی هەفتانە لە 48 کاتژمێرەوە بکرێتە 42کاتژمێر.

مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان داوای ڕەزامەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات لە پێدانی : 

1-پارچە زەویی نیشتەجێبوون.

2-پێشینەی دروستکردنی خانووبەرە.

3-پێشینەی هاوسەرگیری.

سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی بۆ کرێکاران بکرێتە ناوەندێکی نیشتیمانی و ڕاستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بێت و گرنگی تەواوی پێ بدرێت، چونکە ڕۆژانە بەهۆی گوێنەدانی خاوەنکاران بە یاسا و ڕێنمایی پەیوەندیدار بە کار و کرێکارانەوە هەروەها نەشارەزایی کرێکاران خۆیانیش، کارەساتی گیان لە دەست دان و پێکانی کرێکاران لە کاتی کارکردنیان دا ڕوو دەدات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment