نزیکەی 35 هەزار کرێکاری ئافرەت لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن

لە هەرێمی کوردستان 958 کرێکار لەکەرتی تایبەت خانەنشینکراون و یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان دەڵێت: زیاتر لە 28 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 194 هەزار کرێکار تۆمارکراون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی، لەو ژمارەیە 134 هەزاریان کرێکاری ناوخۆیی پیاون، 30 هەزار کرێکاری ناوخۆیی ئافرەتن.

دەربارەی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، هەنگاو عەبدوڵڵا گوتی: 23هەزار کرێکاری بیانیی پیاون، چوار هەزار و 900 کرێکاری بیانی ئافرەت تۆمارکراون.

سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان باسی لەوەش کرد، 958 کرێکاری خانەنشینکراو لە کەرتی تایبەت تۆمارکراون.

هەنگاو عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی پشووی سەرتاسەرییە و نابێت هیچ کرێکارێک لەکار دابێت، لەو ڕۆژەدا جەخت لە مافەکانی کرێکاران دەکەینەوە و داوا دەکەین کار بۆ باشترکردنی ژیانی کرێکاران بکرێت.

هەر ئەمڕۆ مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند:  داوای ڕەزامەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین لە پێدانی : 

1-پارچە زەویی نیشتەجێبوون.

2-پێشینەی دروستکردنی خانووبەرە.

3-پێشینەی هاوسەرگیری.

سبەی پێنجشەممە، یەکی ئایاری 2025، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشووی راگەیاندووە و لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment