لە ئێران پشتیوانیی لە کرێکاران لاوازە و مافەکانیان بە شێوەی سیستماتیک پێشێل دەکرێت

ناوەندیی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، لە ئێران کرێکاران سەرکوت دەکرێن و مووچەیان لە خوار هێڵی هەژارییە و لە شوێنی کارەکەشیان پارێزراو نین، سەرباری ئەوە، کرێکارانی ئافرەت و منداڵ و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان زیاتر دەچەوسێنرێنەوە.
ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند "کرێکاران لە ئێران بوونەتە قوربانیی سەرکوتی توند و نادادپەروەری لە وەرگرتنی مووچە و نەبوونی پارێزراوی لە شوێنی کار."
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێستا 19 چالاکی مافەکانی کرێکاران لە زیندانن و ئافرەتێکی چالاکی کرێکارییش بە ناوی شەریفە محەممەدی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
هاوکات، سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای پاسەکانی سنووری تاران، لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە بەردەوامیی سەرکوتکردنی چالاکانی مافەکانی کرێکاران نووسیویەتی: سەرکوتکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کرێکاران، بەردەوام بەشێک بووە لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران.
لە ڕاپۆرتەکەی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێراندا هاتووە "لە ئێران، پشتیوانیی لە کرێکاران زۆر لاوازە و مافەکانیان بە شێوەی سیستماتیک و بەربڵاو پێشێل دەکرێت، لە کاتێکدا هەڵاوسان سەدا 40 تێ پەڕاندووە و مووچەیان لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە. سەرباری ئەوەش زۆربەی کارگە پیشەسازییەکان چەندان مانگ مووچەی کرێکاران دوا دەخەن و بەشی زۆری کرێکارانیش دەستەبەری کۆمەڵایەتی و هیچ پشتیوانییەکی یاسایییان نییە و سەدا 90ـی کرێکاران بە گرێبەستی کاتی کار دەکەن و بە هیچ شێوەیەک ئاسایشی کاریان نییە."
سەرباری ئەو کێشە گشتییانە، دۆخی کرێکارانی ئافرەت، منداڵ و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیش جیاوازە.
هەرچەند بەپێی یاسا تەمەنی کار لە ئێران 15 ساڵە، کەچی هەزاران کرێکاری خوار تەمەنی 15 ساڵی لە پیشەسازییەکانی ڕستن و چنین، کشتوکاڵ، بیناسازی، دەستگێڕی و گەڕان بەناو زبڵ و پاشماوەکاندا، کار دەکەن.
کرێکارانی ئافرەت و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانیش بە شێوەی سیستماتیک لە شوێنی کارەکەیان دەچەوسێنرێنەوە، هەم مووچەیان کەمترە و هەم ئاسایشی کاریان نییە.
پێشتریش کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە یەکی ئایاری ساڵی ڕابردوو تا یەکی ئایاری ئەمساڵ، 16 هەزار و 273 کرێکار لە کاتی کارکردندا بریندار بوونە و دوو هەزار و 81 کرێکاریش گیانیان سپاردووە.
ئەحمەد مەیدەری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێرانیش دەڵێت: لە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجاییی بەندەرعەباس 100 کرێکاران گیانیان سپاردووە.