سەرۆکی ڕۆحیی درووزەکان: حکوومەت بێ هیچ بیانوێک میللەتی خۆی دەکوژێت

سەرۆکی ڕۆحی درووزەکانی سووریا دەڵێت، حکوومەت میللەتی خۆی دەکوژێت و کۆمەڵکوژی دەکات بەبیانووی ئەوەی هاووڵاتییەکانی بوونەتە بەرهەڵستکار. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات چاوپۆشی نەکەن لە کاری لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لە کەناراوەکانی سووریا بەرانبەر گەلەکەیان کراوە و دەڵێت، ئەو کۆمەڵکوژییە پلان بۆ داڕێژراو بووە، ئەوە بە ڕوونی دیارە.
حیکمەت سلێمان ئەلهجری، سەرۆکی ڕۆحیی درووزەکانی سووریا لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025 بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەو کۆمەڵکوژییەی هێزەکانی سووپای سووریا کردووە کە ماوەی ڕابردوو دژی درووزەکان لە کەناراوەکانی سووریا کردیان، دەڵێت: ئەو شەڕە خوێناوییەی هەرگیز چاوەڕێمان نەدەکرد و نەماندەویست، بێ هیچ بیانوێک یەخەمانی گرت؛ لەکاتێکدا هاووڵاتییان بە ئارامیی لە ماڵەکانیاندا دانیشتبوون، چەکدارە خوانەناسەکان هێرشیان کردووەتە سەریان. ئەوانیش بەرگرییان لە گیان و ماڵ و شکۆی خۆیان کردووە. ئەوان بێتاوان کۆمەڵکوژ کراون.
سەرۆکی ڕۆحیی درووزەکانی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، تەنها پێنج مانگ بەسەر کۆتاییهاتنی ژێردەستی و ئازار و ئەشکەنجەی گەلی سووریا تێپەڕیووە، لە کاتێکدا ڕۆڵەکانی ئێمەش بەشدارییان لە ئازادکردنی سووریادا بۆ ئەوەی دەستوورێک هەبێت دادپەروەری و یەکسانی بەدی بێنێت، هاوکات ببێتە بناغەی پێشکەوتن و شارستانییەت، بۆ ئەوەی حکوومەتێک دروست بێت خواستەکانیان بەدی بێنێت لەچوارچێوەی وڵاتێکی شارستانی و پێشکەوتوو بە فیکر، وڵاتێکی ناناوەندی کە هەمووان دەیخوازن، بەبێ ئاژاوە و بەربەست دروست کردن.
حیکمەت ئەلهیجری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە باوەڕ و متمانە بەو دەستەیە ناکەین کە خۆیان وەک حکوومەت ناساندووە، چونکە هیچ حکوومەتێک لە ڕێگەی گرووپە خوانەناسەکانی، میللەتی خۆی ناکوژێت. متمانە بە چەکدارەکانیان ناکەین کە تەنیا ئامێری کوشتن و ڕفاندن و خوێنڕشتن و شاردنەوەی ڕاستییەکانن. پێیان وایە پێکهاتەکان لە تایفەکان و ئایینەکان هەموویان کافرن، لە کاتێکدا حکوومەت گەلەکەی دەپارێزێت، ئەگەر ئەرکی خۆی بەرامبەر گەلەکەی جێبەجێ بکات، گەلەکەی لەگەڵی دەبێت. داواکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی مافێکی ئاسایی و شەرعییە بۆ گەلێک کۆمەڵکوژ کرابێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە هەموو ڕێکخراوەکانیانەوە، چاوپۆشی لەوە نەکەن چ کۆمەڵکوژییەک بەرانبەر گەلەکەمان کراوە.
ئەلهیجری گوتیشی: ئەو کۆمەڵکوژییە پلان بۆ داڕێژراو بوو. ئەوە زۆر ڕوونە و بەڵگە هەن و پێویستی بە پێکهێنانی لیژنە نییە وەک لیژنەکانی بۆ تاوانەکانی کەناراوەکانی سووریا پێک هێنرا. بەڵکو پێویست دەکات دەستبەجێ هێزی نێودەوڵەتی بێتە نێو کێشەکە بۆ سەپاندنی ئاشتی، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە بەردەوامبوونی کۆمەڵکوژییەکان بکەن و دەستبەجێ ئەو خوێنڕشتنە ڕابگرن. ئەو داوایەشمان بۆ ئەوەیە میللەتی بێتاوان پارێزراو بێت، ئێمە نیگەران بووین بەو کۆمەڵکوژییەی لە کەناراوەکانی سووریا ڕووی دا. 
سەرۆکی ڕۆحیی درووزەکانی سووریا، داوای هاوکاری بەپەلە و ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی  کرد و گوتی: لەماوەی دوو ڕۆژدا خەڵکێکی زۆری بێتاوان کوژراون، لە کاتێکدا گەلەکەمان داوای ئاشتی و پاراستنی دەکات بەرامبەر هێزێکی زۆری چەکدار.