پێشبینی دەکرێت بەرهەمی پەتاتەی دهۆک 600 هەزار تۆن بێت

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند، لە دهۆک 48 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە داچێنراوە، مەزەندە دەکەین بۆ ئەمساڵ 600 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم بێت.
پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2025، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "لە پارێزگای دهۆک، 48 هەزار دۆنم پەتاتە داچێنراوە، مەزەندە دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ نزیکەی 600 هەزار تۆن بێت."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت: بەرهەمی پەتاتە لە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک نەماوە و هاوردەکردنیشی قەدەغەیە. ئەوەی لە کۆگاکاندا هەیە، تەنیا بەشی ئەمساڵ دەکات.
دەشڵێت: ئەگەر ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە پێویستیی ناوخۆیی پڕکردەوە، ئەوا هەناردەی ئوردن، ئیمارات، قەتەر و خواروو و ناوەڕاستی عێراقی دەکەین.
ئاماژەی بەوەش دا، هەموو ساڵێک پەتاتە بە فڕۆکە هەناردەی وڵاتانی دەکەین، بەڵام زۆربەی پەتاتەی هەرێم دەنێردرێتە خواروو و ناوەڕاستی عێراق.
ئەوەشی خستە ڕوو، کە بە هەوڵ و پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک پەتاتە هەناردەی وڵاتان کراوە.
ئەحمەد جەمیل، ڕاشیگەیاند "ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای دهۆک، نزیکەی 5 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی دەرەوەی عێراق کراوە."