جەمال کۆچەر: ئەمساڵ هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی مووچە دروست نابێت

ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئەمساڵ هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دروست نابێت و هەموو مانگێک لە بەغداوە پارەکە ڕەوانە دەکرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان 24ـی گوت: بۆ ئەمساڵ لەو باوەڕەدانین کە گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بێت، بەهۆی ئەوەی هیچ لایەنێکی بەغدا نایەوێت پێگەی سیاسیی خۆی لە عێراق لەق بکات و پێویستییان بە کوردە بۆیە بۆ ئەو مەبەستە تەواوی مووچەی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ دەنێرن.
هەروەها لەبارەی خشتەکانی بودجەوە ئەوەشی ئاشکرا کرد، خشتەکانی بودجە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە نێدراوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵام سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەبەست خشتەکانی بودجە نانێرێتە پەرلەمانی عیراق تاوەکوو بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێندرێت. هەروەها پارەی کاشیش لە بەردەستی حکوومەتی عێراق نییە کە پرۆژەکانی پێ ئەنجام بدات و تەنیا بەشی مووچە دەکات.
هەر لەبارەی خشتەکانی بودجەوە، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چاوەڕوان ناکرێت ئەمساڵ خشتەکانی بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و دوو هۆکاریشی بۆ ئەم مەبەستە خستەڕوو. یەکەم؛ بەهۆی زۆری کورتهێنانی بودجە. دووەم؛ بۆ ئەوەی لایەنەکان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاری نەهێنن، بە تایبەت دامەزراندن لە کەرتی گشتییدا.