عەلی قەرەداغی: مامەڵەکردن بە دراوی ژمارەیی حەرامە پڕ مەترسییە

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە جیهان ڕایدەگەیەنێت: لە چوارچێوەی دراوە بەکارهێندراوەکان، دراوی ژمارەیی حەرامە و پڕ مەترسییە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک خۆی لێ بەدوور بگرێت.

د.عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە جیهان لەبارەی هەر سێ جۆری دراوی ئەلیکترۆنی و کاغەز و ژمارەیی، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، دراوە کاغەزەکە کە زۆر باوە وەکو دیناری عێراقی و دۆلار و دراوەکانی دیکەی کاغەزە و بێ کێشەیە، هاوکات دراوی ئەلیکترۆنیش وەکو ڤیسا کارت و هاوشێوەکانی ئێستا لە جیهان باوە و کاری پێدەکرێت و ئاساییە، گرفتی سەرەکی لەسەر دراوی ژمارەییە وەکو بیتکۆین، ترۆن ئێس و جۆرەکانی دیکەش، ئەمەیان تەنها ئاڵوگۆڕە و هیچ خزمەتێکی نییە، لەڕووی شەرعەوە دروست نییە و هیچ بنەمایەکی نییە، هاوکات هیچ کەس خاوەنی ئەو پارەیە نییە.

د.عەلی قەرەداغی دەڵێت: بەشی دووەمی ئەو دراوە، خزمەتێک پێشکەش دەکات و نزیکەی 20 پێگەی فەرمیان هەیە، شێوازێکی حەڵاڵە، بەڵام شێوازی یەکەم حەرامە چونکە هیچ بنەمایەکی نییە.

ئاماژەی بەوە کرد، ماوەیەک پێش ئێستا لە تورکیا و چەند وڵاتێک، چەند پێگەیەکی ئەلیکترۆنیان کردەوە و 82 ملیار دۆلاریان کۆ کردەوە، دواتر پێگەکان داخران و کەس نەیزانی ئەو کەسانەی پێگەکانیان بەڕێوەدەبرد چیان بەسەردا هات.

دەڵێت: بەهای ئەو دراوانە 3 ترلیۆن دۆلارە لە جیهاندا، لەو 3 ترلیۆن دۆلارە یەک هەژار سوودی لێ نابینێت، تەنها لەنێوان دەوڵەمەندەکان مامەڵەی پێوە دەکرێت، هیچ یەکێک لەو دەوڵەمەندانەی دراوی ژمارەیی، نانێک نادەن بە هەژارێک، بۆیە مامەڵەکردن بەو دراوە حەرامە و زۆر پڕ مەترسییە.