میدیای حووسی: هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پارێزگاکانی یەمەن بەردەوامە

میدیاکانی سەر بە حووسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، ڕایانگەیاند "ئەمەریکا سێ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر شارەدێی مەجزەر لە پارێزگای مەئریب لە سەنعا."

ئاژانسی هەواڵی (سەبا)ی یەمەن بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەدا زنجیرە هێرشی کردووەتە سەر پارێزگاکانی مەئریب، سەعدە و حودەیدە.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی سەر بە حووسییەکان بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاند "ئەمەریکا پێنج هەڵمەتی بۆ سەر شارەدێی مەجزەر لە شاری مەئریب کردووە، لەگەڵ دوو هێرش بۆ سەر بەندەری ڕەئس عیسا لە حودەیدە."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەمەریکا هەشت هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەی تەخیا لە شارەدێی مەجزەر، هەروەها سێ هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەی سەحار لە سەعدە.

حووسییەکان لە 15ـی ئادارەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئەمەریکا دەبنەوە.

دۆناڵد ترەمپ، هێرشەکانی بە "سەرکەوتوویی باوەڕپێنەکراو" وەسف کرد و گوتیشی: ئامانجە سەربازییە گرنگەکانیانی لەناو بردووە و لە ئەنجامدا چەندان سەرکردەی سەربازی حووسی کوژراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment