سوپای ئیسرائیل کوژران و برینداربوونی چوار سەربازی ڕاگەیاند

سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بەهۆی تەقینەوەی تونێلێکی بۆمبڕێژکراو لە ڕەفەح، دوو سەربازیان کوژراوە و دووی دیکەش بتینداربوون.

یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل لە کەناڵیی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، "لەکاتی تەقینەوەی ئەم تونێلە ئەفسەر نوعام ڕاڤید و ئەفسەری پلە یەک یالی سرور کوژران، هەروەها سەربازێکی یەکەی (یەهلوم) بە سەختی بریندار بوو."

ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ڕووداوێکی دیکەدا، لە کەرتی غەززە، سەربازێکی یەدەگ لە کەتیبەی 7007، لیوای 16ـی قودس بە سەختی بریندار بوو."

ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل بانگهێشتی بۆ دەیان هەزار سەربازی یەدەگ ناردووە، هاوکات ئەمە پێش گفتوگۆی حکوومەتی ئیسرائیل دێت لەسەر بڕیارێک بۆ فراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکانی لە کەرتی غەززە.

ڕۆژنامەکە تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە ڕەنگە ئیسرائیل لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرشێکی گەورە بکات.