پەیامی سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی ئۆندەر خوێنرایەوە

پەیامی سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی ئۆندەر خوێنرایەوە
پەیامی سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی ئۆندەر خوێنرایەوە

لە ڕێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە ئیستانبوڵ، ماڵئاوایی لە تەرمی سڕری سوورەیا ئۆندەر دەکرێت.

کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-05-2025، تەرمی سڕری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، گەیەنرایە نێو هۆڵی " ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەتاتورک" لە ئیستانبوڵ و لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا ماڵئاوایی لێ دەکرێت. 

هەزاران کەس لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسوکارەکەی ئامادەی ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردنن لە تەرمی سڕری سوورەیا ئۆندەر و دروشمی "هەر بژی برایەتییا گەلان" و "شەهید نامرن"ـیان دەگوتەوە. 

لە ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی بەشێکی بەرپرسانی حکوومی و حزبی خوێنرایەوە، یەکێک لەوان پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو. 

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی و سیاسەتمەداری تورکیا و هاوسەرۆکی پێشووی دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (سری سورەییا ئۆندەر)ـم پێ گەییشت. خوالێخۆشبوو سری سورەییا ئۆندەر کە ئەندامی شاندی ئیمرالیش بوو، بەشی زۆری ژیانی خۆی بۆ خەباتی سیاسی و ئاشتیانە تەرخان کرد و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە."

نزیکەی کاتژمێر 16:10 خولەکی شەممە، 03-05-2025، سڕری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی لە نەخۆشخانە گیانی سپارد. 

ئۆندەر لە 15 نیسانی ئەمساڵدا، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ کرا. بۆ ماوەی 18 ڕۆژ لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو.

سڕری سورەییا ئۆندەر، لە ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لە دایک بووە؛ لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندوویەتی و تاوەکو قۆناغی دوو بەردەوام بووە. 

 ئۆندەر، لە دوایین هەڵبژاردنـی 2023ـی پەرلەمانیی تورکیادا بووە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتیشە.

ڕۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریی 2013 - 2015 هەبوو و ئێستاش ڕۆڵی لەو پرۆسە چارەسەرییە هەیە کە لەو وڵاتە دەستی پێ کردووە. بێجگە لە کاری سیاسی، ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی، کاری ڕۆژنامەنووسی، دەرهێنانی فیلم، سیناریۆنووس و ئەکتەریشی کردووە.