حزبی ئیتجاهی وەتەنی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە هۆشداریی دەدات

حزبی ئیتجاهی وەتەنی لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقەوە، جەخت لە پابەندبوونی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بە کێبڕکێیەکی سیاسیی دادپەروەرانە دەکاتەوە.

یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، حزبی ئیتجاهی وەتەنی لە ڕاگەیەندراوێکدا، نیگەرانی خۆی لەبارەی گرژی لایەنە سیاسییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دەردەبڕێت، کە هەڕەشەن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە.

هاوکات حزبەکە جەخت لە پابەندبوونی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە  کێبڕکێی سیاسی دادپەروەرانە دەکاتەوە.

حزبەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە دەستە و دامەزراوەکانی چاودێری دەکات، کە بە تەواوی ڕۆڵی خۆیان لە چاودێریکردنی وردی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی هەڵبژاردنەکان بگێڕن، لەپێناو ئاشکراکردنی خەرجییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کەسێک کە هەوڵی بەکارهێنانی سەرمایەی سیاسی یان کاریگەریی حکوومەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەدات، چونکە ئەمە بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان ڕکابەرەکاندا تێک دەدات.

حزبەکە دەشڵێت: هەر جۆرە لادانێک لە بنەماکانی شەفافیەت لە هەڵبژاردندا، دەتوانێت متمانەی گشتی بە پرۆسەکە نەهێڵێت و وڵات بەرەو چارەنووسێکی مەترسیدار و نادیار ببات.

حزبی ئیتجاهی وەتەنی، هاوکات داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکان دەکات، ڕێز لە بنەماکانی کێبڕکێی سیاسی بگرن و پابەندی یاسا بن، لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ئاییندەی ئەزموونی دیموکراسی.