ئێران: لێدوانەکانی ئەمەریکا هەڵوێستی تاران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ناگۆڕن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ڕژدە و لێدوانەکانی بەرپرسانی واشنتن هەڵوێستی تاران لەم بارەوە ناگۆڕێت.

دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە دیالۆگ و چارەی دیبلۆماتی پابەندە، هاوکات ئامادەشە بەشداریی چەندین گەڕی دانوستانەکان بکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەشی دا، هەڵوێستی شاندی ئەمەریکا لە بارەی گەیشتن بە ڕێککەوتن گرنگە، بەتایبەت لێدوانە توندەکانیان لەم بارەوە یارمەتیدەر نابن. گوتیشی ئەو لێدوانانە کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی ئێران بۆ بەرگەریکردن لە  مافەکانیان و بەتایبەت مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەییەکی ئاشتییانە ناکات.

ئیسماعیل بەقایی جەختیشی کردەوە، ئێران لەسەر بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی بەردەوام دەبێت، ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا لە داواکارییەکانی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران ڕاستگۆ بووایە، ئێستا زۆربەی کێشەکان چارە دەبوون.

هاوکات، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەو بارەوە ڕایگەیاند، ئەگەر ئامانجی واشنتن ڕێگری کردن بێت لە ئێران بۆ ئەوەی دەستی بە بەرنامەی ئەتۆمی بگات، ئەوەی ڕێککەوتنەکە زۆر ئاستەم دەبێت.

ڕۆژی یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنیکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی NBCـی ئەمەریکی، لە بارەی دانوستانەکانی وڵاتەکە لەگەڵ ئێران ڕایگەیاندبوو، ئامانج لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی تارانە.