کەشناسیی عێراق: کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە
دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەشوهەوا ناسەقامگیرەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەر ناوچە و شارەکانی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە.
سادق عەتیە، لە بەشی پێشبینی کەشوهەوای دەستەی گشتی کەشناسیی عێراق لە پۆستێکدا بڵاوی کردووەتەوە "کاریگەریی ئەو کەشوهەوایەی ناوچەکانی ئێمەی گرتووەتەوە، کاریگەرییەکانی کۆتاییان هاتووە و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد "هەرچەندە هەندێک ناوچە لە هەرێمی کوردستان هێشتا کاریگەریی هەور و بارانی لەسەرە، ئەمە جگە لە پاشماوەی ئەو شەپۆلە خۆڵ و تۆزەی کە دوێنێ ناوچەکانی وڵاتی گرتەوە، پێشبینی دەکرێت وردە وردە کەم ببێتەوە."
سادق عەتیە گوتیشی: پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما وردە وردە کەشوهەوا ئاسایی بێتەوە.
لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ هەموو ناوچە و شارەکانی عێراقی گرتەوە و کە توانای بینینی کەم کردبووەوە و پلەکانی گەرماش بەرزببونەوە و دەیان کەس بەهۆی تۆزوخۆڵەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و چارە کراون.