پۆلیسی هەولێر کەسێکی بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان دەستگیر کرد
پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، کەسێکیان بەتۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان دەستگیر کردووە، داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆشیارییەوە بەکاربهێنن.
سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: کەسێکیان بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان دەستگیر کردووە دوای ئەوەی ئافرەتێک سکاڵای تۆمارکردووە، پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لە لایەن تیمەکانیانەوە، شوێنی تۆمەتباریان دەستنیشان کردووە و دەستگیریان کردووە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتبار ڕاگیراوە.
پۆلیسی هەولێر داوای لە هاووڵاتیان کرد تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆشیارییەوە بەکاربهێنن و وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو بۆ کەس نەنێرن، بۆ ئەوەی تووشی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر نەبنەوە، دەشڵێت: لە کاتی بوونی هەر کێشەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو، دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی پۆلیسەوە بکەن بە ژمارە 07508088080