لە چوار مانگدا پیاوان لە دەستی هاوژینەکانیان 194 سکاڵایان تۆمار کردووە

یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، لە چوار مانگی ئەمساڵ، 194 پیاو سکاڵایان لەسەر هاوژینەکانیان تۆمار کردووە. ڕاشیدەگەیەنێت: 28 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی پیاوان تۆمار کراوە. 

چوارشەممە، 07-05-2025، بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە 01-01-2025، تا 01-05-2025، واتا لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 194 سکاڵا لە هەرێمی کوردستان، لە لایەن پیاوانەوە لەسەر هاوژینەکانیان تۆمار کراون."

 سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کـرد "لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، 23 پیاو خۆیان کوشتووە و پێنجی دیکەش بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کوژراون و بەشێکی دیکەشیان بریندار بوون."

بورهان عەلی لە وەڵامی "لە کام پارێزگای هەرێمی کوردستان زۆرترین سکاڵای پیاوان تۆمار کراوە؟" گوتی "لەبەر ئەوەی یەکێتییەکەمان زیاتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی چالاکە، زۆرترین سکاڵا لە سنووری ئەم پارێزگایە تۆمار کراون، بەڵام زۆرترین حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کراون."

بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، کێشەی خێزانی لەبەر ئەم هۆکارانە زیاد بوون:

1. جیاوازیی تەمەنی هاوسەران.

2. باری دارایی.

3. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

4. چاولێکەری. 

5. یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 

6. دەستوەردانی کەسوکار لە ژیانی تایبەتی هاوسەران و کێشەکانیان.

7. قوربانینەدانی هاوسەردان لەپێناو یەکتری. 

8. بەشێکی زۆری گەنجان بەدڵی خۆیان ژیانی هاوژینی پێک ناهێنن. 

 

وەکوو ئەوەی سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان باسی کرد "یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی تێکدانی خێزان، چونکە زۆر جار بۆ نموونە، ئافرەت قسەیەکی نەشیاو بە پیاوەکەی دەڵێت، پیاوەکەش لە کاردانەوەی قسەکەدا، زلـلـەیەک لە هاوژینەکەی دەدات، ئەویش سکاڵا لەسەر پیاوەکەی تۆمار دەکات. بە گوێرەی ئەو یاسایە، پیاوەکە لە ماڵ دووردەخرێتەوە، ئەمەش یەکێکە لە کێشە باوەکانی ئێستا، چونکە کاتێک پیاو لە ماڵ دوورخرایەوە، ساردییەک لە نێوان دوو هاوسەرەکەدا دروست دەبێت، ئینجا لە ئەنجامدا کێشەکە هەر چەندە بچووکیش بێت، بە ئاسانی چارە ناکرێت."

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە 3387 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24، گەیشتووەتە 788 هەزار دیناری عێراقی. 

لەبارەی ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ تا چەند کاریگەریی لەسەر پێکهێنانی هاوژینیی گەنجان هەبووە، بورهان عەلی گوتی: "بەداخەوە ئێستا مەرجی سەرەکیی پێکهێنانی پرۆسەی هاوژینی، کڕینی زێرە. لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کاتێک گەنجێک بیەوێت خێزان لەگەڵ کچێک پێک بهێنێت، دەبێت بڕێکی زۆری زێڕ بکرێت. لەبەر ئەوەی ئێستا نرخی زێڕ بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەشێکی زۆری گەنجان ناتوانن زێڕ بکرن، ئەمەش ڕێژەی پێکهێنانی خێزان بە ڕێژەی بەرچاو کەم کردووەتەوە."

سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان باسی لەوەش کرد "ئێستا هاوسەرگیریی کچان لەگەڵ کەسانی بە تەمەن خەریکە دەبێتە دیاردە. لەبەر ئەوەی گەنجان ناتوانن داواکاریی کچان لە ڕووی کڕینی زێڕ و پێداویستییەکانی دیکە دابین بکەن، ئەوانیش شوو بە کەسانی بە تەمەن دەکەن. پێموایە، ئامانج لەو هاوسەرگیرییە پێکهێنانی خێزان نییە، بەڵکوو زیاتر لایەنە داراییەکەی لەبەرچاو گیراوە."