پەرلەمانتارێک: زیاتر لە 20 هەزار تیرۆریست مووچەی شەهیدانە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن

پەرلەمانتارێکی عێراق لە ڕێگەی کوردستان24، گەندەڵییەکی گەورەی دەزگای شەهیدان ئاشکرا دەکات کە دەیان هەزار تیرۆریست و کەسوکارەکانیان وەکو شەهید و خانەنشین، مانگانە مووچە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، جگە لەپێدانی مووچە، کەسوکاری ئەو تیرۆرستانە ماف و ئیمتیازاتیش لە حکومەتی عیراق وەردەگرن. 

بەشێک لەو تیرۆرستانە تۆمەتبارن بە کردەوەی تیرۆریستی و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و ڕفاندنی هاووڵاتییان، بەشێکی دیکەشیان تا ئێستا لە ڕیزی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا شەڕدەکەن، یەکێک لەو کەسانەی بە خانەنشین تۆمارکراوە دەستی هەبووە لە کوشتنی 500 هاووڵاتی عێراقی.

ئەمیر مەئموری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەم پرۆسەیە ماوەیەکی زۆرە کراوە، بەهەزاران کەس وەکو شەهید تۆمارکراون، یەکێک لە پارێزگاکان 25 هەزار تیرۆرست وەکوو شەهید تۆمارکراون، گوتیشی: لە پارێزگاکانی دیکەش، دوو هەزار و سێ هەزار کەس وەکو شەهید تۆمارکراون، بەکۆی گشتیی کۆی ئەوپارانەی بۆ تیرۆریستەکان خەرج کراوە زیاترە لە تریلیۆنێک و 80 ملیار دینار." 

لەدوای ساڵی 2017 ئەو کەسانە لە ڕێگەی ساختەکردنی ناو و ناسنامەکانیان لە هەردوو دەزگای شەهیدان و دەستەی خانەنشینی تۆمارکراون، کەسوکارەکانیان مانگانە نەک تەنیا مووچە وەردەگرن، بەڵکو سوودمەندبوونە لەهەموو ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە کەسوکاری شەهیدان و خانەنشینان هەیانە و بەشێکیان خانوو و زەویشیان وەرگرتووە. 

شوان کەلاری، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئەو بابەتە لە ئەنبار و بابلیش هەبووە، هەروەها خەڵک هەبووە هەر شەهید نەبووە واتە هەر کەسەکە بوونی نییە کراوەتە شەهید، هەیە کاغەزەکانی ساختەکردووە، هەشە تیرۆریست بووە کراوەتە شەهید."

باسی لەوەش کرد، بەشێوەیەکی گشتیی لە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق، گەندەڵی و ساختەکردن زۆربووە، سەیربکە بە کاغەزی ساختە 2500 ملیار دۆلار لە بانک دەرهێنرا، ئینجا مامەڵەی شەهیدێک چۆن ساختە ناکەن.

ئەم پرسەمان بردە دەزگای شەهیدانی عێراق بەڵام ئامادەنەبوون قسە بکەن، تەنها گوتیان لەبەدواداچوونەکانیان بەردەوامن و بەشێک لەناوی ئەو تیرۆستانە لە دەزگای شەهیدان دەرهێندراوە.

 

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment