نرخی زێڕ دابەزی

نرخی زێڕ لە کۆتا رۆژی مامەڵەکانی هەفتەدا زیاتر لە 2% دابەزی

K24 ھەولێر

دوای بڵاوبوونەوەی داتاکانی ئەرێنییەکانی ئەمەریکا کە پاڵشتی لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کرد، نرخی زێڕ لە کۆتا رۆژی مامەڵەکانی هەفتەدا زیاتر لە 2% دابەزی.

ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و نرخی زێڕ گەورەترین دەستکەوتی هەفتانەی لە 10 ساڵی رابردوودا تۆمارکرد.

دوای ئەوەی نرخی زێڕ بۆ 2072.50 بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، بەڵام لە کۆتا مامەڵەکانی هەفتەدا بەرێژەی 1.4% بۆ 2033.89 دۆلار دابەزی. بەڵام لەسەر ئاستی هەفتەدا بە رێژەی 3% بەرزبووەوە. بەوەش دەبێتە 9 هەفتەی بەردەوام لە بەرزبوونەوە. هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتووش نرخی ئەو کانزا زەردە بە رێژەی 2% بۆ 2028 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی.

لە لایەکی دیکەوە بە هۆی گەشانەوەی بازاڕی کاری ئەمەریکا بە تایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ، بەهای دۆلاری ئەمەریکا بەرزبووەوە.

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە:

مسقاڵێك زێڕی عەیار (24) بە 404000 دیناری عێراقیی

مسقاڵێك زێڕی عەیار (21) بە 355000 دیناری عێراقیی

مسقاڵێك زێڕی عەیار (18) بە 303000 دیناری عێراقیی

نرخی زێڕ بەندە بە زۆریی لە بازاڕ و ئاستی ئاسایش و سەقامگیری لە جیهان، لەکاتێکیشدا جیهان بەهۆی کۆرۆنا، شەڕی ئابووریی نێوان چین و ئەمەریکا و بەم دواییەش تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت شڵەژانی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمانەش وایكرد لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرزببێتەوە.

ھ.م