وۆل ستریت جۆرناڵ پلانێکی شەرع بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع، هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەمەریکا دەدات لەڕێگەی ڕاوەدوونانی چەکداران و بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها گرێبەست و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و غازی ئەمەریکا.
ئەو ڕۆژنامەیە ئاشکرای کردووە، کارە لە پێشینەکانی ئەحمەد شەرع ئەوەیە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕازی بکا بە کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیار، بۆ ئەوەی بتوانێت سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵگرێت و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی سووریا بکاتەوە.

وەڵامدانەوەی داوایەکی ئەمەریکا
هەفتەکانی ڕابردوو، حکوومەتی ئەحمەد شەرع لەسەر داوای ئەمەریکا، چەند فەڵەستینییەکی دەستگیر کرد، هاوکات نامەیەکی لەڕێگەیەکی نێوەندگیرەکانەوە بۆ ئیسرائیل ناردووە و خواستی خۆی نیشانداوە لە خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە؛ لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بوونی خۆیان لە باشووری سووریا زیاتر کردووە، سەرباریی ئەوەی هەفتەی ڕابردوو هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگەیەک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا.
دیداری ترەمپ
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا هەوڵی دیدارێک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەدات بۆ خستنەڕووی پلانی ئاوەدانکردنەوە کە پشت بە نموونەی نەخشەی مارشاڵ ببەستێت کە دەرفەت بە کۆمپانیا ئەمەریکایی و ڕۆژئاواییەکان دەدات وەبەرهێنانی زیاتر بکەن بە بەراورد بە کۆمپانیا چینییەکان.

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا

ئابووری سووریا
دارین خەلیفە، گەورە ڕاوێژکار لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: سوورییەکان هەوڵ دەدەن، ئێستا تەواو هەست بەوە دەکەن بەبێ ئەمەریکا، هیچ وڵاتێک پشتگیریی وەبەرهێنان ناکات لە سووریا، بۆیە ئابووری سووریا بەهێواشی دادەڕوخێت.

منداڵانی سووریا

 

پرۆژەی ئەمەریکا بۆ سووریا
جۆناسان باس، چالاکوانی کۆمارییەکان کە پشتیوانیی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای(ئەرجنت)ـە بۆ وەبەرهێنانی غازی سروشتی لە لویزیانا، هەفتەی ڕابردوو سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریای کرد و پلانێکی پێشکەش بە ئەحمەد شەرع کرد بۆ پەرەپێدانی وزەی سووریا بە هاوبەشیی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیای نیشتمانی سووریای نوێ کە ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تۆمار کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەحەمەد شەرع، سەرۆکی سووریا زۆر بە ئەرێنی وەڵامی ئەو پێشنیاز و پلانەی ئەمەریکای داوەتەوە، بەڵام مەرجی ئەوەبووە سزا ئابوورییەکانی سووریا کەم بکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ڕێککەوتنانە جێبەجێ بکات. ئەو زانیارییانەی باس، مەعاز موستەفا، سەرۆکی گرووپی سووریا بۆ بارودۆخە لەناکاوەکان کە لە کۆبوونەوەکە بەشداریی کردووە، پشتڕاستی کردووەتەوە، بۆیە حکوومەتی سووریا وەزیری وزەی بۆ ئەو پرسە ناردووەتە تورکیا و باسیشی لەگەڵدا بووە.

 

کۆمپانیاکانی نەوت لە سووریا

 

سووریا خواستی پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ ئەمەریکا
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی سووریا گوتی: سووریای ئازادی نوێ، هەوڵی پەیوەندیی ستراتیجی و بەهێز لەگەڵ ئەمەریکا دەدات لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، ئەوەش پەیوەستە بە کەرتی وزە و پەیوەندییە ئابوورییەکان، دەشڵێت: سووریا دەیەوێت ببێتە هاوپەیمانێکی کاریگەریی ئەمەریکا  کە لە مێژووی سووریادا پێشتر نەبووە.

دەرکردنی ڕووسیا و ئێران و چین
باس ئاماژە بەوە دەکات، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و ئەمەریکا دوای کۆبوونەکەی کۆشکی کۆماریی هات لە دیمەشق لەنێوان شاندی ئەمەریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆک  کۆماری سووریا کە تێیدا ڕێکارێک دەگیرێتە بەر بۆ دوورخستنەوەی  ڕووسیا و ئێران و چین لە سووریا بە تەواوی، هاوتا لەگەڵ تێکشکاندنی داعش.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment