ئیمارات و تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ پاکستان ڕاگرت

پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، هێڵی ئاسمانی ئیمارات ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ پاکستان تا 10ـی ئایار ڕاگەیاند، ئەمەش بەهۆی داخستنی ئاسمانی ئەو وڵاتەیە لە ئەنجامی پێکدادانەکانی لەگەڵ هیندستان.

ڕوونیشی کردەوە "لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات، بەو پێیەی سەلامەتیی سەرنشینان و کارمەندەکانی لە پێشینەی کارەکانیدایە."

 هێڵی ئاسمانیی ئیمارات لە بەیاننامەیەکەدا، هەڵوەشاندنەوەی 10 گەشتی بۆ پاکستان ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاربوو گەشتەکان بەرەو سیالکۆت، لاهور، ئیسلام ئاباد، و پێشاوەر بکرێن.

هێڵی ئاسمانی ئیمارات، داوای لە سەرنشینانی گەشتە هەڵوەشاوەکان کردووە گەشت بۆ پاکستان نەکەن.

جەختیشی کردەوە، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ کەراچی کێشەی نەبووە و بەپێی خشتەی خۆیان کارەکانیان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ، کۆمپانیای ھێڵی ئاسمانیی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "بەھۆی ئەو گرژییەی کە ئێستا لە نێوان هیندستان و پاکستان سەری ھەڵداوە، گەشتەکانمان لە ڕۆژانی 8 و 9ـی ئەم مانگە بۆ ئیسلام ئاباد و لاھور ھەڵوەشاندووەتەوە".

پێشتر، هێڵی ئاسمانی قەتەر، لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تویتەر ڕایگەیاندبوو، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ پاکستان بەشێوەیەکی کاتی داوە.

درەنگانی شەوی سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، سوپای هیندستان ڕایگەیاند "زیاتر لە نۆ پێگەمان لە خاکی پاکستان بۆمباران کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ بە وێرانکردنی ژێرخانی تیرۆرە."

سوپای پاکستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، هیچ فڕۆکەیەکی هیندستان سنووری نەبەزاندووە و وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە، هەروەها بەهۆی هێرشەکەی هیندستانەوە، هەشت هاووڵاتی مەدەنی کوژران و 35ـی دیکەش بریندار بوون و دووکەسیش بێسەروشوێن بوون.

گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان دوای هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 هات، کە چەکداران لە پاهالگام، لە کشمیر 26 کەسیان کوشت، ئەو ناوچەیە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەی نەخستە ئەستۆی خۆی؛ هەرچەندە نیودەلهی، ئیسلامی ئابادی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو لە پشت هێرشەکەوەیە، لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی پاکستانیش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment