منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا
هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبووە
K24- هەولێر:
منداڵێکی حەوت ساڵان لە شاری ساڤانای ئەمەریکا بەبێ بوونی هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەن، بەرگەی کۆرۆنای نەگرت و گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، منداڵەکە خۆی شۆردووە و لە ناکاو تووشی گەشکە بووە، دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
ئەو منداڵە لە کلێسایەکی شارەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، پێشتر دوو کەسی دیکەش کە سەردانی هەمان کلێسایان کردووە، بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
لەو بارەوە، لاوتۆن داڤیس، بەرپرسی تەندروستی ناوچەکە رایگەیاندوە، مردنی ئەو منداڵە دڵی زۆر کەسی شکاندووە.
دووپاتیشکردەوە، ئەوە راستە کە تەمەن و نەخۆشی درێژ خایەن نیشانەکانی کۆرۆنا تووندتر دەکەن، بەڵام هەموو کەسێک ئەگەری مردنی بە کۆرۆنا هەیە.
لە ئەمەریکا، پێنج ملیۆن و 150 هەزار حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەش، 165 هەزار و 74 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و 638 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.