سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ژاپۆن دەکاتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 10-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە هیتۆشی ئیشیزوکا، بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو "سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی, وێڕای پیرۆزبایی دەستبەرکاربوون و دەربڕینی پشتیوانیی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی، سوپاسی حکوومەتی ژاپۆن و بە تایبەتیش ئاژانسی هاریکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن( جایکا)ی کرد کە چەندین پڕۆژەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات."
ئاماژە بەوەش کراوە "بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر، خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە."