ڕێباز حەملان: وەزیری دارایی عێراق دەسەڵاتی ڕاگرتنی مووچەی نییە

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ئاشکرای کرد، ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی عێراقدا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەدایە. گوتیشی: ئەگەر سبەینێ کێشەی مووچە چارە نەکرێت، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڕێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 8ـی کوردستان24ـدا گوتی: کێشەی نەناردنی مووچە سیاسییە، نزیکەی 20 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا کراوە، پەسەندیش کراوە.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێت: وەزارەتی دارایی فیدراڵ، هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نییە، تەنیا ڕایگەیاندووە کە فەرمانیان پێ نەکراوە تەمویلی مووچە بۆ هەرێمەکە بکەن.
لەبارەی میکانیزمەکانی ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان، ڕێباز حەملان، ئاشکرای کرد، میکانیزمەکە بەو شێوەیە سەرەتا دەبێت سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمان بە وەزیری دارایی وڵاتەکە بکات مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە.
گوتیشی: ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی عێراقدا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەدایە، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ فەرمان بکات بە ناردنی مووچە، وەزیری دارایی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ڕەتی بکاتەوە.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، هەر لەبارەی ناردنی مووچەوە، گوتی: ئەگەر سبەینێ تا کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ، بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەدرێت، ئەوا شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمەکە سەردانی بەغدا دەکات.
هاوکات ڕوونیشی کردەوە، بەغدا بەردەوام مووچە وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت. دەشڵێت: عێراق کێشەی نەختینەی نییە و ئەو قسانەی لەو بارەیەوە دەکرێن ڕاست نین.
لەبارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێباز حەملان، ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی هەرێم لە ساڵی 2025 هەرچی تێبینی، سەرنج و داواکاری بەغدا هەیە جێبەجێ کردوون، دیوانی چاودێری فیدراڵیش دانی بەو ڕاستییە ناوە.