سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پرۆژەی ڕووناکی لە دهۆک بەسەر دەکاتەوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پرۆژەی ڕووناکی لە دهۆک بەسەر دەکاتەوە
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پرۆژەی ڕووناکی لە دهۆک بەسەر دەکاتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک لە گەڕەکی 'بەرۆشکێ' پرۆژەی ڕووناکیی کارەبای 24 کاتژمێری لە دهۆک بەسەر دەکاتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی ڕووناکی، مانگی ڕابردوو، زۆربەی ماڵەکانی گەڕەکی بەرۆشکێ کە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە،  کەمتر لە 35 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە.

ڕووناکی، پرۆژەیەکی نیشتمانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بگەیەنێتە سەرجەم هاووڵاتییان. حکوومەتی هەرێم، بەرپرسیارێتی تەواو لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ئەستۆ دەگرێت.

 

هەر لە دهۆک، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی مارکێتێک و سەموونخانەیەکی بەسەرکردەوە، کە لەو شوێنکارانەن کارەباکەیان بووەتە 24 کاتژمێری و سوودمەند بوون لە پرۆژەی ڕووناکی.
 

تیمی پرۆژەی ڕووناکی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تا ئەمڕۆ 600 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوون بە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. لەم مانگەدا زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتی دیکە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی سوودمەند دەبن لە کارەبای بێپچڕان و بەمەش کۆی ژمارەی هاووڵاتییان دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی سوودمەند.

تیمەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، تا کۆتایی ساڵی 2025، ناوەندەکانی شارەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێریان دەبێت.

لەبارەی کوژاندنەوەی مووەلیدە ئەهلییەکانیش، تیمی پرۆژەی ڕووناکی، باسی لەوە کرد، زیاتر لە 700 موەلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە، کە هاوتای لابردنی 125 هەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان دەکات. تا کۆتایی ساڵی 2027 زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت دەکوژێنەوە.

بە گوێرەی تیمەکە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر نرخی نوێی کارەبا بدات.  بنەماکانی دیاریکردنی نرخ وەک خۆیان دەمێننەوە کە بەم شێوەیەن: ماڵەکان و بازرگانەکان کەمتر پارە دەدەن لە چاو ئێستا، بەتایبەتی ئەوانەی کەمتر بەکاردەهێنن.

 

سوودەکانی پڕۆژەی ڕووناکی:

1. لە پرۆژەی ڕووناکیدا هاووڵاتییان پارە کەمتر دەدەن بە کارەبا لە کاتێکدا 24 کاتژمێر کارەبایان هەیە.

2. هاووڵاتی خۆی بەرپرسە لە بەکارهێنانی کارەبای خۆی؛ چەند کەمتر بەکاربهێنیت، کەمتر پارە دەدەیت. 

3. پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان لە ڕێگەی کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان. 

4. حکوومەت بڕیارە پاڵپشتی زیاتری ئەو  ماڵ و یەکە بازرگانییە بچووکەکان بکات، بەتایبەت بۆ ئەوانەی کەوا کارەبایەکی کەمتر بەکاردەهێنن.