هۆشداریی توند دەدرێتە ئەو کۆمپانیانەی ڕێکلام بۆ عومرە دەکەن
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداری هەموو خاوەن کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی کوردستانی کردەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێکلام و بانگەشە بۆ گەشتی عومرە نەکەن تاوەکوو پرۆسەی حەج بە سەرکەوتوویی بە کۆتا دێت، هەر کەس و کۆمپانیایەکیش سەرپێیچی بکات، ئەوا ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە.
لەم بارەوە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئاینی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستا کۆمپانیاکان تەنیا ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام دواتر هەر کۆمپانیایەک سەرپێچی بکات لانی کەم کۆمپانیاکە لەکارکردن ڕادەگیرێت."
گوتیشی: پار کۆمپانیا هەبووە سەرپێچی کردووە و ڕاگیراوە و سزای داراییش دراوە، بەڵام ئەمساڵ ئەگەر هەر کۆمپانیایەک سەرپێچی ڕێنماییەکە بکات ڕووبەڕووی ڕاگرتن و دادگا دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەوانەی کاری حەج و عومرە دەکەن و تۆمار کراون، زیاتر لە 150 کۆمپانیان، بەڵام ئەوانەی ئەمساڵ حاجییان دەگوازنەوە 111 کۆمپانیایە و سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەم هۆشدارییە بۆ ئەوانەیە کە لەدەرەوەی سنووری ئیدارەی حکوومەت ڕێکلام دەکەن و دەڵێن ئێمە حەج پەیدا دەکەین کە هیچ بنەمای نییە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان گوتی: ئەو سزایانەی بۆ کۆمپانیاکان دیاری کراوە بریتییە لە، ڕاگرتنی کۆمپانیایە لە پرۆسەی حەج و عومرە، سزای پێبژاردن، یاخود وەرگرتنی مۆڵەت و کۆمەڵێک سزای دیکە.
دەشڵێت: لیژنەی یاسایی بەگوێرەی جۆری سەرپێچییەکە، سزای کۆمپانیای سەرپێچیکار دیاری دەکات، گوتیشی: پار ساڵ 39 کۆمپانیا لەسەر بردنی هاووڵاتیان بۆ حەج بەڕێگەی ناحکوومەتی سزا دراون، کە 27 لەوانە بە ساڵێک لە حەج و شەش مانگ لە عومرەکردن ڕاگیران، هەندێکی دیکەش دووساڵ لە حەج و ساڵێک لە عومرەکردن ڕاگیران.