سەرۆک وەزیران لە دهۆک چی کرد و چی گوت؟
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان دەکاتەوە و داوایان لێ دەکات، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی کارەبادا نەکەن.
ساتی گەیشتن
نزیکەی کاتژمێر 10:45 خولەکی پێشنیوەڕۆی یەکشەممە، 11-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا؛ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومەت، بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکی، گەیشتە گەڕەکی 'بەڕۆشکێ' لە ناوەندی شاری دهۆک.
بەسەرکردنەوەی سێ ماڵی گەڕەکی بەڕۆشکێ
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە سەرەتای سەردانەکەیدا سەردانی سێ ماڵی گەڕەکی 'بەڕۆشکێ'ـی کرد و لە لایەن ئەندامانی ئەو سێ خێزانەوە، پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.
سەرۆک وەزیران بۆ ماوەی کاتژمێرێک بە جیا لەگەڵ ئەندامانی ئەو سێ خێزانە دانیشت و پێکەوە باسیان لە کارەبای پرۆژەی ڕووناکی کرد. هەروەها سەرۆک وەزیران گوێی لە داواکاریی و سەرنج و تێبینی هاووڵاتییان، لەبارەی پرۆژەکە گرت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکەی دووپات کردەوە، ئامانج لە پڕۆژەی ڕووناکی، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە کە داواکاریی دەیان ساڵەی هاووڵاتییانی هەموو پارێزگاکانی کوردستانە. باسی لەوەش کرد، هاووڵاتییان پارە کەمتر دەدەن بە کارەبا لە کاتێکدا 24 کاتژمێر کارەباییان هەیە.
دوای گوێگرتن لە داواکاریی و تێبینیی هاووڵاتییان، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وێنەیەکی بە کۆمەڵی لەگەڵ منداڵانی ئەو گەڕەکە گرت.
بەسەرکردنەوەی فرۆشگە و نانەواخانەیەکی گەڕەکی بەڕۆشکێ
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، نزیکەی کاتژمێر 11:45 خولەکی نیوەڕۆ، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی فرۆشگەیەکی گەڕەکی بەڕۆشکێی کرد کە کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکیی هەیە. مەسرور بارزانی لەگەڵ خاوەنی فرۆشگەکە دانیشت و لە نزیکەوە بۆ ماوەی نزیکەی 10 خولەک، گوێی لە ڕا و بۆچوونی لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی گرت.
پاشان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نانەواخانەیەکی گەڕەکی بەڕۆشکێی بەسەر کردەوە کە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکییە و لەگەڵ خاوەن و کرێکارەکانی دانیشت. هەر لەو دانیشتنەدا، سەرۆک وەزیران سەمۆنێکی خوارد، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و گوێی لە داواکارییەکانیان گرت.
لێدوانی ڕۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
دوای بەسەرکردنەوەی سێ ماڵ، فرۆشگە و نانەواخانەیەک، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی لەبارەی پڕۆژەی ڕووناکی و مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی دایەوە.
"لە پڕۆژەی ڕووناکیدا هاووڵاتییان کەمتر پارە بە کارەبا دەدەن"
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، بەراورد بە پێشتر، لە پرۆژەی ڕووناکیدا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری و کەمتر پارە بە کارەبا دەدەن. هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد، زیادەڕۆیی لە خەرجکردنی کارەبادا نەکەن و لەگەڵ حکوومەت هاوکاربن.
لەبارەی فراوانبوونی پرۆژەی ڕووناکی، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا "تا کۆتایی ساڵی 2025، ناوەندەکانی شارەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێریان دەبێت. دواتر تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، پرۆژەکە هەموو گوند و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
"هیوادارین حکوومەتی فیدراڵی پرسی مووچە نەکاتە قەزییەیەکی سیاسی"
لەبارەی مووچەی مانگی نیسان (چوار)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە "هەوڵەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی فەرمانبەر و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە تا ئێستا زۆر پشوودرێژ بوونە، بەڵام پێویستە ئەوانیش بزانن، ئەوە حکوومەتی فیدراڵییە تا ئێستا مووچەی نەناردووە."
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە "لە پرسی مووچەی فەرمانبەران حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێتە پێشەوە و ئەوانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیدیکە بابەتی مووچە نەکەنە قەزییەیەکی سیاسی و وەک فشار لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار نەهێنن. هیوادارین بە زووترین کات (خەرج بکرێت) و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین."