نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی ئەمڕۆی نەوت

K24- هەولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی پێشبینی سعوودییە بۆ زیادبوونی داواکاری لەسەر نەوت و داوای عێراق بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تێکساس، بۆ 41 دۆلار و 72 سەنت بەرزبووەتەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتیش، 40 سەنت زیادی کردووە و بە 44 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمەش دوای ئەوەی، هەینی رابردوو، نرخی نەوت بەهۆی مەترسی کەمبوونەوەی خواست بە رێژەی 2.5٪ دابەزی.

کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ و جەنگی ئابووری چەند وڵاتێک نرخی نەوتیان دابەزاندووە، بەرهەمهێنەرانی نەوتیش چاوەڕوانی نەمانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنان تاوەکو دووبارە ئابوورییەکی باشتر بەهۆی نەوتەوە بەدەستبهێنن.