ترەمپ: پێشکەوتنی گەورە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ چین بەدەستهاتوون

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، دانووستانەکانی جنێڤ لەبارەی ئاڵۆزییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و پەکین زۆر بە باشی بەڕێوەچوون، دەشڵێت: پێشکەوتنی گەورە لە دانووستانەکان لەگەڵ پەکین بەدەستهاتوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، دانووستانە بازرگانییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش بە دانووستانێکی زۆر باش وەسفی کردووە و ئاماژە بەوە دەکات، دانووستانەکە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانە لەنێوان دوو وڵاتی زلهێزی بازرگانیی جیهان، پەکینیش دەڵێت: دانووستانەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەکردنی ململانێکان.

لە تۆڕی تایبەتی خۆی(تروس سۆشیەل)، دۆناڵد ترەمپ نووسیویەتی: دەمانەوێت کرانەوەیەک لە چین ببینین بەرانبەر کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان، دەشڵێت: لەپێناو بەرژەوەندی چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پێشکەوتنی گەورە لە دانووستانەکان بەدەستهاتوون.

ڕۆژنامەنووسان هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی ناوەڕۆکی دانووستانە بازرگانییەکەی ئەمەریکا وچین دەستنەکەوتووە کە ئەمڕۆ لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوەچوو، چونکە شوێنی کۆبوونەوەکەش ئاشکرا نەکرابوو بۆ ئەوەی کامیرای ڕۆژنامەنووسانی لێوە دوور بێت، بەڵام ڕۆژنامەنووسان بینوویانە شاندی چین و ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکە گەڕاونەتەوە شوێنی مانەوەی باڵیۆزی سویسرا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەی کۆلۆنی، لەوێ هەرسێ  لایەن چەند کاتژمێرێک مانەوە.

دانووستانەکە خەلی فینغ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەتی چین، لەگەڵ سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا جیمیسۆن بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر لە جنێڤ کۆبوونەتەوە، ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەی هەردوولایە لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ جەنگە بازرگانیی و باجە گومرگییەکەی لەگەڵ چین ڕاگەیاندووە.