کونسوڵی ڕووسیا: هیوادارین هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەم زوانە دەستپێبکاتەوە
ماکسیم ڕۆبین کونسوڵی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند: پەیوەندیی زۆر باشی ئابوورییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، هیواشی خواست، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، ماکسیم ڕۆبین کونسوڵی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە کار دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندیی زۆر باشی ئابوورییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
کونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر، هیوای خواست هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەم زوانە دەستپێبکاتەوە، ڕاشیگەیاند: پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چالاکانەبەرەو پیش دەچن.
ماکسیم ڕۆبین ئاماژەی بەوەکرد، لەم دواییانەشدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە تورکیا چاوی بە وەزیری دەرەوەمان کەوت، هەردوولا زۆر رازیبوون لەم کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە. بەر لەوەش، جێگری وەزیری دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و گفتوگۆی زۆر باش و سوودبەخشی لەگەڵ دۆستە کوردەکان کرد.