وەزیری کارەبا: نرخی پرۆژەی رووناکیی بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێم دەڵێت: تاوەکوو کۆتایی مانگی ئایار هاوبەشانی پرۆژەی رووناکیی لە هەولێر بۆ 216 هەزار زیاد دەبێت.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نرخی کارەبا ڕێکاری یاسایی خۆی هەیە، دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان نرخی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و ڕەچاوی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کراوە.
وەزیری کارەبا گوتیشی: پێشنیازمان لەبارەی نرخی پرۆژەی ڕووناکی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، تاوەکوو ئێستا 133هەزار هاوبەشمان لە هەولێر هەیە و تاوەکوو کۆتایی مانگی ئایار دەبێتە 216 هەزار هاوبەش.
کەمال محەممەد، باسی لەوەش کرد، بۆ هاوکاریی زیاتری هاووڵاتییان کار لەسەر ئەوە دەکەین و پێشنیاز دەکەین لە داهاتوودا بۆیلەری وزەی خۆر بەکار بێنن، ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە چارەسەری ڕیشەیی کێشەی کارەبا بکات.
وەزیری کارەبا، جەخت لەوە دەکاتەوە، مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ههرێمی كوردستان بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی دەکات.