گوتەبێژی ئاکپارتی: خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەرگا لەبەردەم قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە
عومەر چەلیک: چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەین و دەبێت هەموو ڕێکخستن و باڵەکانی بگرێتەوە
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپیدان کە پارتی دەسەڵاتدارە، لە بارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە گوتی، ئەمە هانگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە تورکیایەکی بێتیرۆر.
دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ڕایگەیاند "دەبێت جێبەجێکردنی بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، هەموو لقەکانی پارتی کرێکاران و باڵ و ڕێکخستنەکانی بگرێتەوە، ئەمش دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا."
عومەر چەلیک ئاماژەی بەوەش کرد "دامەزراوە حکوومەتییەکانمان لە نزیکەوە چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەن، ئەو قۆناغانە دەخەینە بەردەم سەرۆکەکەمان."
دووشەممە، 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو.
پەکەکە، لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوە کردووە "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن و لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن."
پەکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "کۆنگرەکەمان سەرەڕای بەردەوامیی شەڕ و هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەردەوام و لە هەلومەرجی سەختدا، بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو. کۆنگرەکە، لە یەک کاتدا لە دوو ناوچەی جیاواز بە هۆکاری ئەمنی بەسترا. بە کۆی گشتی 232 نوێنەر تێیدا بەشدار بوون."
هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 12-05-2025، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار کۆ ببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی نوێی ئاشتی و قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرەی پەکەکە تاوتوێ بکات.