چاودێریی بازرگانی: بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان، زیاتر لە 45 شوێن داخراون و دراونەتە دادگا

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ تا ئیستا، 24 شوێنمان داوەتە دادگا، 23 شوێنیشمان داخستووە و 160 شوێنیشمان سزای دارایی داوە و 91 تەن کەلوپەلی ماوە بەسەرچوومان لەناو بردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند "لیژنەکانمان سەردانی کۆمپانیا، کۆگا، مۆڵ، دوکان، گۆشتفرۆش، سەوزەفرۆش، شیرنەمەنییەکان و ڕێستورانتەکان و چەرەزاتفرۆشەکان بەگشتیی دەکەن."
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر گوتیشی: ئێمە بەردەوامین لە هەڵمەتەکانمان و چاودێریکردنی بازاڕ.
دەشڵێت: لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە تا ئیستا، 24 شوێنمان داوەتە دادگا، 23 شوێنیشمان داخستووە و 160 شوێنیشمان سزای دارایی داوە و 91 تەن کەلوپەلی ماوە بەسەرچوومان لەناو بردووە.
هۆگر عەلی، ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە بەپێی ڕێنماییەکان هەر کارگە و دوکاندارێک سەرپێچی بکات بۆ ماوەی 10 ڕۆژ دایدەخەین و دواتر بەڵێننامەی پێ پڕدەکەینەوە ئەگەر هاتوو پابەند نەبوو دووبارەی کردەوە ئەوکاتە ئێمە بە پێی یاسا مامەڵە دەکەین.